بەم شێوازی ژیانە خۆت لە نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە بپارێزە



لەم ساڵانەی ڕابردوودا، زاناکان بەدواداچوونێکی زۆریان ئەنجام داوە بۆ دۆزینەوەی تەندروستترین شێوازی ژیان کە مرۆڤەکان دەبێت پەیڕەوی بکەن تاکوو تەواوی تەمەنیان بە تەندروستی بژین، ئەم بەدواداچوونانەش لە زانکۆی ئۆکسفۆرد کۆتاییان پێ هات کاتێک داتاکان دەریان خست کە "ڤیگنیزم" تەندروستترین شێوازی ژیانە و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی کوشندە یەکجار کەم دەکاتەوە. 


ڤیگنیزم پێکهاتووە لە فەلسەفەیەکی پاراستنی مافی ئاژەڵ کە بەکارهێنانی بەرهەمە ئاژەڵییەکانی وەک گۆشتەکان، بەرهەمە سپیاتییەکان، هێلکە و هەنگوین، لەگەڵ چەرم، خوری، فەروو و ئاوریشم ڕەت دەکاتەوە. ئەوانەی باوەڕیان بەم فەلسەفەیە هەیە و کردوویانەتە شێوازی ژیانی خۆیان پێیان دەوترێت "ڤیگن". لە ئەسڵدا، ڤیگنیزم فەلسەفەیەکی ئەخلاقییە لە پێناو پاراستنی مافی ئاژەڵ، بەڵام دەرکەوتووە کە لە پاڵ ئەوەدا، سوودێکی زۆری تەندروستی و ژینگەیی هەیە.


بەدواداچوونەکان دەریان خستووە کە ڤیگنەکان ئەگەرێکی زۆر کەمیان هەیە لە تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، شێرپەنجە، سەکتە، شەکرە و قەڵەوی. ئەوانەی کە بەرهەمە ئاژەڵییەکان دەخۆن، ئەگەری ٥٠٪یان هەیە لە تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، لەکاتێکدا ئەوانەی ڤیگنن تەنیا ئەگەری ٤٪یان هەیە لە تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ. هەروەها لە بەدواداچوونێکی تری زانکۆی ئۆکسفۆرد کە لەسەر ٦٠،٠٠٠ ژن و پیاوی ئینگلیز ئەنجام دراوە، دەرکەوتووە کە ئەوانەی ڤیگنن ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجە ١٩٪ کەمترە بەراورد بەوانەی کە گۆشت دەخۆن. 


هەروەها بەدواداچوونێکی پەبمێد دەری خستووە کە ڤیگنەکانی ئەگەری تووشبوونیان بە شەکرە، بە تایبەت شەکرەی پلە دوو، بە ڕێژەی ٧٨٪ کەمترە. لە هەمان بەدواداچووندا دەرکەوت کە ئەوانەی ڤیگنن ڕێژەی شەکر لە خوێنیاندا کەمترە و گورچیلەکانیشیان بە شێوەیەکی باشتر کار دەکەن بەراورد بەوانەی کە ڤیگن نین، بۆیە ژەمە ڤیگنەکان پێشنیار دەکەن بۆ ئەوانەی شەکرەیان هەیە یاخود کێشەی گورچیلەیان هەیە. دەریشکەوت کە ڤیگنەکان ڕێژەیەکی کەمتر لە کۆلیسترۆڵ لە جەستەیاندا هەیە و ڤیگنیزمیش کاریگەرترین شێوازی ژیانە بۆ کەمکردنەوەی کۆلیسترۆڵ و ڕێژەی شەکر لە جەستەدا.


دکتۆر لیز ئاپڵگەیت کە لە زانکۆی کالیفۆرنیا وانە دەڵێتەوە، دەڵێت کە ڤیگنەکان فایبەرێکی زیاتر لە ژەمە خواردنەکانیاندا هەیە، کە یارمەتی ڕیخۆڵە دەدات پیسایی بە ئاسانتر بگوازێتەوە بۆ دەرچوون لە جەستە، لەبەر ئەمەیە کە ڤیگنەکان بە دەگمەن قەبز دەبن. پەبمێد ئەمەی دڵنیا کردەوە و لە بەدواداچوونێکی تردا بۆیان دەرکەوت کە ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی ڕیخۆڵە لە ڤیگنەکاندا بە ڕێژەی ١٨٪ کەمترە. بەدواداچوونێکی تر کە لەلایەن (نەیتر) کراوە لە ٢٠١٤، ژەمە خۆراکییە ڕووەکییەکانیان بەراورد بە ژەمە خۆراکییە ئاژەڵییەکان کرد، بۆیان دەرکەوت کە ئەوانەی ژەمەکانیان ڕووەکییە، وەک ڤیگنەکان، بەکتریای سوودبەخش لە ناو گەدەیاندا زۆرترە، لەکاتێکدا ئەوانەی بەرهەمە ئاژەڵییەکان دەخۆن بەکتریای (B. wadsworthia) لەناو گەدەیان هەیە، کە بەستراوەتەوە بە نەخۆشییەکانی هەڵاوسان و کێشەی ڕیخۆڵەوە.


لە پاڵ هەموو ئەمانەدا، ئەوانەی ڤیگنن دەتوانن بە شێوەیەکی ئاسانتر کێشی خۆیان داببەزێن و خۆشیان لە قەڵەوی بپارێزن. بەدواداچوونەکان دەریان خستووە کە ئەوانەی ڤیگنن ئەگەرێکی بەرچاو کەمتریان هەیە لە تووشبوون بە (ئۆبیستی)، کە قەڵەوی لە ڕادە بەدەرە، ببن.


خواردنە ڤیگنییەکان ڕێژەیەکی زیاتر لە مەنگیسیوم، ترشی فۆلیک، ڤیتامین سی، ڤیتامین ئی، ماددەی ئاسن وە فایتۆکێمیکاڵسیان تێدایە وە ڕێژەیەکی کەمتریان لە چەوری و کۆلێسترۆڵ و ترش و چەوری ئۆمێگا-٣، ڤیتامین دی، کەلسیۆم، زینک و ڤیتامین بی-١٢ تێدایە، بۆیە پێویستە ئەوانەی بڕیاری بوون بە ڤیگن دەدەن بە شێوەیەکی باش ژەمەکانیان ڕێک بخەن تاکوو هەموو ڤیتامیناتەکانیان دەست بکەوێت. 
ژەمە ڤیگنەکان بە ژەمێکی شیاو ھەڵبژێردراوە بۆ ھەموو سوڕەکانی ژیان لەلایەن پەیمانگایی ئەمریکی نیوتریشن و دایەتیکس، تەندروستی نەتەوەیی ئوسترالیا، کۆنسۆڵی بەدواداچوونی مێدیکی وە دایەتیشینس ئۆف کەنەدا. لەبەر ئەوەی ژەمە ڤیگنییەکان ھیچ ڤیتامینێکی بی-١٢ نابەخشێت (کە وردەئۆرگانیزمی وەک بەکتریا بەرھەمیان دەھێنێت)، پزیشک و شارەزایان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە قەرەبووی بۆ بکرێتەوە بە یاخود خواردنی حەپی ڤیتامینی بی-١٢ یاخود خۆراکە تایبەتە ڤیگنەکان بخۆن کە ئەو ڤیتامینەی تێکراوە.


لە پاڵ سوودە تەندروستییەکانی، ڤیگنیزم سوودێکی زۆری ژینگەیی هەیە: بەپێی بەڵگەفیلمێک بە ناوی "کاوسپیراسی"، ئەوانەی کە ڤیگنن بە ڕێژەی ٥٠٪ جێ پێی کاربۆنیان کەم دەکەنەوە، واتە لە ماوەی ژیانیاندا، بە ڕێژەی ٥٠٪ زیان کەم دەکەنەوە. ڤیگنەکان خاکی کشتوکاڵی و ئاوی کەمتریان دەوێت، لەبەر ئەوەی ڕاستەوخۆ لە سەرچاوەکە دەخۆن (کە ڕووەکە) لەجێی ئەوەی ئاژەڵێک بخۆن کە بەشێکی زۆری ڕووەکی دراوەتێ بۆ گەورەبوونی و لە پاڵیشیدا ڕووەکەکە بخۆن. بۆ نموونە، بۆ بەرهەمهێنانی یەک کیلۆگرام لە گۆشت، شانزە کیلۆگرام لە ڕووەک پێویستە، ئەم شانزە کیلۆگرام لە ڕووەکە دەتوانرێت ببێتە خۆراکی ڕاستەوخۆی مرۆڤەکان. 


لە پاڵ ئەوەشدا، یەک هامبەرگەر ٣،٠٠٠ لیتر ئاوی دەوێت (کە یەکسانە بە بەکارهێنانی ئاو بۆ ماوەی ٢ مانگ)، ئەگەر کەسێک هەموو ڕۆژێک بۆ ماوەی ساڵێک یەک هامبەرگەر بخوات، ١،٠٩٥،٠٠٠ لیتر ئاوی خەسار کردووە، جگە لەوەی کە خۆی دەیخواتەوە و بەکاری دەهێنێت، لەکاتێکدا ڤیگنەکان تەنیا ئەوەندە سەرف دەکەن کە پێویستیانە. بە دەقیقی، ڤیگنەکان تەنیا ٦٧٤ مەتری دووجایان لە زەوی پێویستە، بەڵام ئەوانەی بەرهەمی ئاژەڵی دەخۆن ١٨ هێندەی ئەوەیان پێویستە.
پیشەسازییەکانی ئاژەڵ ٥٥٪ هەموو ئاوە سازگارەکانی زەوی بەکار دەهێنن، هەروەها لە پێناو بەرهەمی زیاتر بۆ تێرکردنی خواستی ئەوانەی بەرهەمە ئاژەڵییەکان دەخۆن، هەموو چرکەیەک ٤٠٤٧-٨٠٩٤ مەتری دووجا لە دارستانە باراناوییەکان دەبڕنەوە، کە دەبێتە هۆکاری تیاچوونی نزیکەی ١١٠ مێروو و ئاژەڵ هەموو ڕۆژێک.


ڤیگنیزم لە کوردستان لە ساڵی ٢٠١٨ دەنگی دایەوە، دوای ئەوەی ڕێکخراوی ڤیگنەکانی کوردستان دامەزرا. ئەوان دەیانەوێت لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ لە پاڕکی ئازادی لەسەر سەکۆی سپی بۆنەیەک ئەنجام بدەن و زانیاری زیاتر بدەن بە خەڵکی لەسەر ئەم شێوازە بەسوودەی ژیان.




PM:01:59:13/10/2019