ئەفسەرێكی ئەمریكی: تا هەتایە داوای لێبوردن لە شەڕڤانان دەكەین

ئەفسەرانی ئەمریكی هەست بە شەرمەزاری دەكەن بەرامبەر شەڕڤانان و دەڵێن ئەوان خانەدانترین كەسن كە تائێستا چاومان پێیان كەوتبێت.
 
گۆڤاری فۆڕن پۆلسی چەند ئەفسەرێكی لەو هێزە ئەمریكا دواندووە كە لە سوریا كشاونەتەوە و رایگەیاندوە، ئەوكاتەی دۆناڵد ترەمپ لە تویتەرەوە كشانەوەكەی راگەیاند ئێمە لە شاری منبج بووین، بە كشانەوەكە هەستمان بە شەرمەزارییەكی گەورە كرد كە شەڕڤانان بەتەنیا جێبهێڵین.
 
ئەفسەرەكە دەڵێت: لەو كاتەدا كە هەواڵی كشانەوەكەمان لە سوریا بیست، شەڕڤانێكی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە هێزەكەمان نزیك بووەوە و دایە پڕمەی گریان و سوپاسی ئەو پشتیوانیەی كرد كە لە ماوەی ڕابردوودا لێمان كردوون، شەڕڤانەكە رەمزە سەربازییەكەی قۆڵی خۆی لێكردەوە و دای بە من، ئەمە ناخ هەژێنترین سات بوو كە لە ژیانمدا بەسەرم هاتبێت، ئەفسەرەكە بەجۆرێك وەسفی كچ و كوڕە شەڕڤانەكان دەكات بەوەی باشترین و ئازا و بوێرترین كەسن كە لەدوای 11ی سێپتێمبەرەوە ئەمریكا كاری لەگەڵ كردوون.
 
گۆڤارەكە ئەفسەرێكی تری هێزەكانی سوپای ئەمریكای دوواندووە و ئەویش پێی وابووە كە ناكرێت پشت لە كورد بكەین و بۆ ستەمكارێكی وەك ئەردۆغانی جێبهێڵین و دەڵێت: سەربازانی ئەمریكا بۆ چەند نەوەی داهاتووش ئەم ناپاكیە لەبیر ناكەن و تا هەتایە داوای لێبوردن لە شەڕڤانان دەكەن.
 


PM:02:59:13/10/2019