فەرەنسا و بەریتانیا هێزەکانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکشێننەوە

بەرپرسانی فەرەنسا ڕایانگەیاند، پێدەچێت پاریس هیچ رێگەچارەیەکی دیکەی نەبێت، جگە لە کشانەوەی سەربازەکانی لە باکووری سووریا، میدیای بەریتانیاش بڵاویکردەوە، لەگەڵ کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا، بەریتانیاش ئامادەیە هێزە تایبەتییەکانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بکشێنێتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ژمارەیەک رێکار دەگیرێنەبەر بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی سەرباز و راوێژکارانی سەربازیی فەرەنسا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە. 

دیپلۆماتێکی فەرەنسیش لەوبارەوە وتی، هەمیشە ئاماژەیان بەوە کردووە ئەو وڵاتانەی کە ژمارەیەکی کەم هێزیان لە سووریادا هەیە، ناتوانن بمێننەوە، ئەگەر بێتو ئەمریکا بکشێتەوە. 

میدیای بەریتانیاش بڵاویکردەوە، لەگەڵ کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا، بەریتانیاش ئامادەیە هێزە تایبەتییەکانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بکشێنێتەوە.

نزیکەی هەزار سەرباز و راوێژکاری سەربازیی فەرەنسا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا ئەرکەکانیان رادەپەڕێنن و نزیکەی 200 سەربازیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان. 



PM:07:28:14/10/2019