دەقی رێککەوتنی هەسەدە و سوپای سووریا بڵاوکرایەوە

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەمڕۆ دەقی رێککەوتنەکەی لەگەڵ حکومەتی سووریا لەبارەی هاتنی سوپای سووریا بۆ چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان بە واژۆی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و سیپان حەمۆ، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بڵاوکردەوە.

بەپێی راگەیەندراوەکە هەسەدە رازی بووە هێزەکانی سوپای سووریا دەسەڵاتیان لە تەواوی ناوچەی عەین دیوار لە رۆژهەڵات بۆ جەرابلووس لە رۆژئاوا هەبێت و هێزەکان لە سێ میحوەرەوە دەردەچن بەمشێوەیە:


1 - میحوەری تەبقە لە باکوور بە ئاراستەی عەین عیسا و گوندەوارەکانی و لە باکوورەوە بۆ سنووری تورکیا لە گرێ سپی بە ئاراستەی رۆژئاوای.

2 - میحوەری منبج بە ئاراستەی کۆبانێ لەسەر سنووری تورکیا و سووریا، تاوەکو گرێ سپی لە ئاراستەی رۆژئاوا.

3 - میحوەری حەسەکە - تەلتەمر تاوەکو سەرێ کانی و لەوێوەش بە ئاراستەی رۆژهەڵات تاوەکو دەگاتە قامشلۆ دواتر دێرک بە ئاراستەی باشوور.

4 - هێزەکان لە ناوچەی منبج لە عەریمە و بەدرێژایی رووباری ساجوور بەپێی رێککەوتنێکی پێشوو لەبارەی بڵاوبوونەوەی هێزەکان لە عەریمە بڵاودەبنەوە.

بەو پێیە سوپای سووریا لە تەواوی ناوچەی رۆژهەڵات و باکووری فورات بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنە سەربازییە جۆخێییەکان بڵاودەبنەوە، لە هەمان کاتدا هەردووە ناوچەی سەرێ کانی و گرێ سپی وەکو ناوچەی شەڕی ناجێگیر دەمێننەوە "تاوەکو ئەوکاتەی ئازاددەکرێن".

هەسەدە دەڵێ لە راگەیەندراوەکەیدا جەختی کردووەتەوە لە ئامادەیی خۆی بۆ پارێزگاریکردن لە یەکێتی و سەلامەتیی خاکی عەرەبیی سووریا و لەژێر ئاڵای کۆماری عەرەبیی سووری و وەستانیان شانبەشانی سوپای سووریا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تورکیا لەسەر خاکی سووریا بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد.



PM:04:51:15/10/2019