ئەردۆغان: هەرگیز ئاگربەست ڕاناگەیەنین


بەرپرسێکى گەورەى ئیدارەى ئەمریکا  کە ناوى نەهێنراوە ڕایگەیاند" ئەمریکا فشارەکانى لەسەر تورکیا چڕ دەکاتەوە، هەڕەشەى سەپاندنى زیاترى سزاش دەکات بەسەریدا ئەگەر ئاگربەست ڕانەگەیەنێت، ئەردۆغانیش جەختدەکاتەوە کە ئاگربەست ڕاناگەیەنن".

بەرپرسەکە ئاماژەى بەوەشکرد" هێرشەکەى تورکیا فەوزا دروست دەکات لە بەشێک لە باکوورى سووریا کە سەقامگیرییەکى ڕێژەیی بەخۆوە دەبینێت، هەروەها  پلانى ئێستامان بەردەوامیدانە بە فشار لەسەر تورکیا و هەڵسەنگاندنى ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانمان، ئاگربەستیش هۆکارێکى سەرەکییە بۆ گەڕانەوەى پەیوەندییەکانمان بۆ دۆخى ئاسایی".

 لەلایەکی تریشەوە بەپێی کەناڵى (ئێن تى ڤى) تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان،  سەرۆک کۆمارى تورکیا بە دۆناڵد ترەمپى ڕاگەیاند" هەرگیز ئاگربەست لە باکورى سوریا ڕاناگەیەنن و نیگەرانین سەبارەت بە سزاکانى ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەى بەهۆى هێرشەکەوە".

ڕۆژی ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاگەیەندراوێکی لە دژی تورکیا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" دۆناڵد ترەمپ داوا لە تورکیا دەکات کە ھێرشە سەربازییەکەی بۆسەر سووریا ڕاگرێت و دەستبەجێ ئاگربەست راگەیەنێت". 

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتبوو کە دەڵێت" ئەمریکا بڕیاری داوە کە وەزارەتی گەنجینە و دەرەوەی ئەمریکا کە سزا بسەپێنن بەسەر کەس و لایەن و کۆمپانیایانەی کە تێوەگلاون بەوەی خەڵکی سیڤڵ و بێتاوانیان ڕووبەڕووی ترس و تۆقاندن کردۆتەوە و بوونەتە ھۆکاریتێکدانی ئاشتی و ئارامی و پشێوی لەباکووری خۆرھەڵاتی سوریا". 

ماوەى زیاتر لە هەفتەیەکە تورکیا هێرشى بەرفراوانى بۆ سەر ڕۆژئاواى کوردستان دەستپێکردووە و شەڕڤانانیش بەرەنگارى هێرشەکە بوونەتەوە، بەپێی ڕێککەوتنى هەسەدە و دیمەشقیش، هێزەکانى سوریا ڕەوانەى ناوچە سنورییەکان کراون بۆ پاراستنیان لەهێرشەکانى تورکیا. 




AM:09:00:16/10/2019