خوێنکارانی زانکۆی سلێمانی ئیدانەی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوا دەکەن


ئەمڕۆ چوارشەممە ١٦ی تشرینی یەکەم مامۆستا و خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی لە شەقامی سالم گرتبوونەوەیەکی ناڕەزاییان سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام دا، هاکات مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی بە ماڵپەڕی "سپی" ڕاگەیاند" ئیدانەی هێرشەکانی تورکیا دەکەین بۆسەر ڕۆژئاوا و هیوادارین کە هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا کۆتای بێت و وڵاتە زلهێزەکان بێنە دەنگ لەسەر بارودۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان".

د. سادات عەبدوڵا عەزیز، مامۆستای زانکۆ بە ماڵپەڕی "سپی" ڕاگەیاند" دیارە ئێمە لێرەین نەک تەنها بۆ ناکۆکی لە نەتەوەی خۆمان، بەڵکو لێرەین بۆ بەگژداچوونەوەی ستەم، پاکتاوی نەژادی و کوشتنی منداڵ و ژن و خەڵکانی بێ دیفاعی ئەم جیهانە، کوردانی ڕۆژئاوا لای ئێمە هێڵی سوورن، لەبەر ئەوە لێرەوە سەرەڕای ئیدانەکردنی دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورک، ئیدانەی هەڵوێستی نێونەتەوەیش دەکەین، کەزۆر بێ باکانە و بەخوێن ساردییەوە بەدیار ئەم کۆمەڵکوژییەوە جۆشداماون".

هەروەها لەکۆتای پەیامەکەیدا دکتۆر سادات ئاماژە بەوەشدەکات: داوا لە مرۆڤە ئاشتیخوازەکان و خاوەن بەها مرۆییەکانی دنیا دەکەین ببنە فشار بۆسەر سیاسییەکانیان، هاتاکو ڕێگر بن لە کۆمەڵکوژی و ماڵوێرانی گەلەکەمان لەلایەن دەوڵەتی فاشیستی تورکەوە، هەروەها داواکارین سنورێک بۆ ئەم بێڕێزییە بە مرۆڤایەتی دابنرێت. 

هاوکات شیراز سەڵاح، خوێندکاری زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی بە "سپی" ڕادەگەیەنێت: بەهۆی ئەو بارودۆغەی بەسەر ڕۆژئاوای کوردستان هاتووە ئێمە وەک خوێنکارێک بەهەموو شێوەیەک ئیدانەی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوا دەکەین، هەتاکو کوردێک مابێت پشتگیری دەکەین. 

ماوەى زیاتر لە هەفتەیەکە تورکیا هێرشى بەرفراوانى بۆ سەر ڕۆژئاواى کوردستان دەستپێکردووە و شەڕڤانانیش بەرەنگارى هێرشەکە بوونەتەوە، بەپێی ڕێککەوتنى هەسەدە و دیمەشقیش، هێزەکانى سوریا ڕەوانەى ناوچە سنورییەکان کراون بۆ پاراستنیان لەهێرشەکانى تورکیا. 
 


PM:12:37:16/10/2019