ئەردۆغان: لە ئۆپەراسیۆنەکە ناوەستێنین تاوەکو مەرجەکانمان جێبەجێدەکرێن

رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ وەستاندنی ئۆپەراسیۆنی وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستان داوا دەکات یەپەگە بەقوڵای 32 کیلۆمەتر لە سنووری رۆژئاوای کوردستان بکشێتەوە و چەک دابنێت دەشڵێت: ئۆپەراسیۆنەکە ناوەستێنین تاوەکو مەرجەکانمان جێبەجێدەکرێن. 

ئەمڕۆ چوارشەممە 16-10-2019 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمان، رەجەب تەییب ئەردۆغان رایگەیاند، ئەوان بەهیچ شێوەیەک ئۆپەراسیۆنەکەیان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان ناوەستێنن و هەموو داوایەکیشی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی وەستاندنی ئۆپەراسیۆنەکە رەتکردەوە و تاکە مەرجی ئەوەبوو هەر ئەمشەو هەسەدە بە تەواوی چەک دابنێت و ناوچەی ئارام لە منبجەوە بۆ سنووری عێراق چۆڵبکات. 

سەرۆک کۆماری تورکیا باسی نێوەنگیری وڵاتانی بۆ وەستانی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا کرد و رایگەیاند "ئەوانەی باسی نێوەندگیری نێوان ئێمە و هەسەدە دەکەن، با بزانن تورکیا ئەو دەوڵەتە نییە لەگەڵ تیرۆریستان دیالۆگ بکات، ئەوانەی بە مەبەستی نێوەندگیریی یاخود هەر داواکارییەکی دیکە پەیوەندیمان پێوەدەکەن، یاخود دەیانەوێت بێنە وڵاتەکەمان، با ئەو هەڵوێستە و پێداگیرییەی تورکیا لەبەرچاوبگرن، ئینجا بێن گفتوگۆ بکەن. چونکە بەهیچ شێوەیەک گۆڕانکاری لەم هەڵوێستە ناکەین. لەبەرئەوە با کاتی خۆیان بە فیڕۆنەدەن".

لەبارەی زیانە گیانییەکانی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان وتی "ئەوانەی تۆمەتبارامان دەکەن بە کۆمەڵکوژی خەڵکی سڤیل لە رۆژئاوای کوردستان، با سەیری مێژووی خۆیان بکەن، بۆنموونە شەڕەکانی فەرەنسا لە رواندا، جەزائیر و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەفریقا، هەروەها ئەفغانستان و عێراق و سووریا. بڕۆن سەیری ئاماری کوژراوانی ئەو شوێنانە بکەن". 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند "تورکیا لە مێژوودا هیچ کات بەرامبەر هێزی زۆریش سەری دانەنەواندووە و لە داهاتووشدا داینانەوێنێت، بە پشتیوانی گەلەکەمان تاوەکو دوا هەناسە بەردەوام دەبین، لەبەرئەوە تورکیا ئێستا بە قۆناخێکی سەختدا تێدەپەڕێت بەداخەوە کەمێک نەبێت پشتیوانمان نییە، من دەڵێم دونیا دەوران دەورانە و رۆژێک دێت ئێوەش دەکەونە ئەم حاڵەی ئێستای تورکیاوە". 


PM:04:35:16/10/2019