"ئەردۆغان نامەکەی ترەمپی دڕاندووە"

سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ڕایگەیاند ئەو رۆژەی رەجەب تەیب ئەردۆغان نامەکەی لە ترەمپەوە پێگەیشتووە، دڕاندوویەتی و خستوویەتییە تەنەکەی خۆڵەوە.
 
ناوەڕۆکی نامەیەکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ئاشکرا بوو کە تێیدا داوای رێککەوتنی لێدەکات و لە کۆتایی نامەکەیدا بە ئەردۆغان دەڵێت، "گەمژە مەبە و پیاوێکی سەرسەخت مەبە". 

سەرچاوەکەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بە میدیاکانی راگەیاند، سەرۆک کۆماری تورکیا هەر ئەو رۆژەی نامەکەی پێگەیشتووە، دڕاندوویەتی و لەدوای ئەوە بڕیاری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی داوە. 
 


دەقی نامەکەی ترەمپ بۆ ئەردۆغان 


بۆ بەڕێز رەجەب تەییب ئەردۆگان


سەرۆککۆماری تورکیا


ئەنقەرە


 


بەڕێز سەرۆک


با رێککەوتنێکی باش بکەین، تۆ ناتەوێت کوشتاری هەزاران خەڵک لە ئەستۆبگریت و منیش نامەوێت تێکشکاندنی ئابووری تورکیا لە ئەستۆبگرم - خۆیشت دەزانیت دەتوانم و پێشتریش نموونەیەکی بچوکی لەو شێوەم پێپیشانداویت کاتی [سەپاندنی سزا] بەهۆی کەیسی قەشە برۆنسن.

من سەرسەختانە کارمکردوە بۆ ئەوەی هەندێک لە کێشەکانت چارەسەر بکەم، کارێک مەکە دنیا شەرمەزار بکەیت، تۆ دەتوانیت رێککەوتنێکی گەورە بکەیت. ژەنەڕاڵ مەزڵووم [کۆبانێ] ئامادەیە گفتوگۆت لەگەڵ بکات و ئامادەشە سازشگەلێک بکات کە هەرگیز لە رابردوودا ئامادە نەبوو بیکات. من نامەیەکی پارێزراوی [نهێنی] ئەوم لێرەدا هاوپێچ کردووە کە هەر ئێستا بە دەستم گەیشت.

مێژوو بە باشی ناوت دەهێنێت ئەگەر بێتو ئەم رێککەتنە بە شێوازێکی دروست و مرۆییانە ئەنجامبدەیت، بەڵام مێژوو وەکو شەیتانیش باست لێوە دەکات ئەگەر شتی باش روو نەدەن. پیاوێکی رەق مەبە و کەسێکی گەمژە مەبە! 


دواتر تەلەفۆنت بۆ دەکەم.



لەگەڵ رێزدا


دۆناڵد جەی ترەمپ 


9ـی تشرینی یەکەمی 2019


PM:12:05:17/10/2019