مه‌ولود چاوشئۆغلو: ڕوسیا بەڵێنی دوورخستنەوەی یەپەگەی لەسەر سنور پێداوین

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا دوا هه‌ڵوێستی وڵاته‌كه‌ی له‌ باره‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر رۆژئاوای كوردستان خسته‌ڕوو و رایده‌گه‌یه‌نێت، لارییان له‌وه‌ نییه‌ سوپای سووریا رۆڵی هه‌بێت له‌ دوورخستنه‌وه‌ی یه‌په‌گه‌ له‌ سنووره‌كان.

مه‌ولود چاوشئۆغلو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ بی بی سی به‌ریتانی رایگه‌یاند، رووسیا به‌ڵێنی دوورخستنه‌وه‌ی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل "یه‌په‌گه‌"ی داوه‌.

چاوشئۆغلو ده‌ڵێت "رووسیا به‌ڵێنی پێداین، كه‌ پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه‌" و یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل "یه‌په‌گه‌" له‌سه‌ر سنووره‌كان بوونیان نه‌بێت".

دەشڵێت "ئێمه‌ لاریمان له‌وه‌دا نییه‌ رووسیا شانبه‌شانی سوپای سووریا بێن و رۆڵ له‌ دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ ببینن له‌سه‌ر سنووره‌كان".

هاوکات ماریا زاخارۆڤا، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا رایگه‌یاند، پێویسته‌ سوپای سووریا ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ته‌واوی سنووری خاكه‌كه‌ی خۆیدا هه‌بێت له‌گه‌ڵ توركیا.


ئه‌م بابه‌ته ‌578 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:08:15:17/10/2019