شەڕ لە دەوروبەری سەرێکانی بەردەوامە و شەهید و بریندار هەیە

له‌ ئاكامی بۆردومانی سوپای توركیا و شەڕ و پێکدادان بۆ سه‌ر سه‌رێكانی 5 هاووڵاتی مه‌ده‌نی شه‌هید بوون.

ئاژانسی فرانس پرێس، له‌ زاری به‌رپرسانی روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ بڵاویكرده‌وه‌، شه‌ڕ له‌ ده‌وروبه‌ری سه‌رێكانی به‌رده‌وامه‌.

سه‌ره‌ڕای راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌مڕۆ تۆپخانه‌كانی توركیا ده‌ستیان كرده‌وه‌ به‌ تۆپبارانكردنی سه‌رێكانی.

هاوکات تیمێكی پزیشكی ئەمریكا بە هاوبەشی لەگەڵ مانگی سوری كورد، بەرەو سەرێكانی بەڕێكەوتن بۆ بەهاناوەچوونی برینداران، بەڵام تیمە ئەمریكییەكە رایانگەیاند كە بۆردومانەكانی توركیا رێگە نادات بچینە ناو سەرێكانی.

شارۆچكه‌ی سه‌رێكانی هاوسنووری توركیایه‌ و له‌ لایه‌ن سوپای توركیا و میلیشیا توندڕه‌وه‌ هاوپه‌یمانه‌كانییه‌وه‌ ماوه‌ی 10 رۆژه‌ هێرشی ده‌كرێته‌ سه‌ر.

ئەوەش لەکاتێکدایە شه‌وی رابردوو، ئه‌ردۆغان و مایك پێنس جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، بڕیاریاندا ئاگربه‌ست له‌ باكووری سووریا رابگه‌یه‌ندرێت.
 


PM:02:17:18/10/2019