هەسەدە چالاکییەکانی شەڕ و پێکدادانی ئەمڕۆ بڵاودەکاتەوە

هەسەدە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات سەرباری بڕیاری راوەستانی شەڕ، بەڵام دەوڵەتی تورکیاو گرووپە ئیسلامییەکان بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر سەری کانێ، هێزەکانی هەسەدەش وەک بەرگری ڕەوا وەڵام دەدەنەوە.

هەسەدە سەبارەت بە شەڕ و پێکدادانی ئەمڕۆ راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە.

سەری کانێ..

ئەمڕۆ هێزەکانی تورکیاو گرووپە ئیسلامییە تیرۆرسیتەکان لە رێگای زرێپۆش و تانکەکانیانەوە هەوڵیان داوە چەند گەڕەکێکی سەری کانێ داگیربکەن، لە روانگەی مافی بەرگریەوە هێزەکانی هەسەدە وەڵامیان دانەوەو ٣ زرێپۆش لە کارخران و نزیکەی ١٣ تیرۆریست کوژران و، ٣ ی تریشیان برینداربوون، تا ئێستاش شەڕ بەردەوامە.
لە میحوەری گوندی " زرکان " سووپای تورکیا بەئاراستەی گوندەکە و کۆنترۆڵکردنی پێشڕەوی کردووە، هێزەکانی هەسەدە بەرپەرچیان داونەتەوەو شەڕێکی قورس روویداوە، لە ئەنجامدا ١٢ شەڕڤان شەهیدبوون و ١٢ تریش برینداربوون و ١ هاوڵاتی مەدەنیش شەهید بووە. شەڕیش لە هەردوو گوندی مەناجیر و عالیە بەردەوامە.

قامشلۆ..

رۆژی رابردوو سووپای تورکیا ناوەندی شاری قامشلۆیان کردە ئامانج، لە ئەنجامدا ١ شەڕڤانی هەسەدە شەهیدبوو و ٤ تریش برینداربوون، هەسەدەش پێگەکەی تورکیا بە چەکی قورس کردە ئامانج کە بەرامبەر گوندی " سیکرکا " یەو جبەخانەیەک تەقیەوەو بەپێی زانیاریەکانی هەسەدە کوژراو بریندار لە نێو سووپای تورکیادا هەیە. 

کوبانێ..

چەند یەکەیەکی سەربازی تورکیا و گرووپە تیرۆریستەکانی هەوڵیان داوە هێرشبکنە سەر هێزەکانی هەسەدە، بەڵام شەڕڤانان بەرپەرچیان داونەتەوەو زرێپۆشیان سووتاندووەو کوژراویان هەیەو دواتر کوژراوەکانیان گواستۆتەوە.

کۆی شەڕ و پێکدادانی ئەمڕۆ ١٨ سەربازو بەکرێگیراوی تورک کوژراون.

بەرامبەر ئەوەش ١٧ شەڕڤان شەهیدبوون ٢٥ ی تریش برینداربوون.

 


PM:09:50:19/10/2019