د. کازم فاروق: حکومەتی هەرێم داهاتی نەوت‌و ناوخۆ ئاشکرا ناکات

د. کازم سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە حکومەتەکەی پارتی و یەکێتی هەتا بۆ پەرلەمانتارانیش ئامادە نییە داهاتی نەوت و ناوخۆ ئاشکرا بکات.

 
د. کازم فاروق لە پۆستێکدا لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەڵێت"لە کۆبونەوەیەکدا لەناو پەرلەمان، لە نوێنەرەکانی حکومەتم پرسی داهاتی ناوخۆ و نەوت چەندە؟ وتیان هەندێک شت هەیە نهێنیە و ناکرێت ئێمە ئابووری و داهاتی خۆمان هەمووی کەشف بکەین، ئەوە نهێنی وڵات بەڕێوەبردنە".


ئەو دەڵێت "بەڕاستی من باش لێیان تێنەگەیشتم چونکە تا ئێستا نە (ئابووری)م بینیوە و نە (وڵات بەڕێوەبردن)، بەڵام جەماعەتێك لەولاوە بە سەرلەقاندن تەئیدیان ئەکردن".


سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئەوە دەخاتەڕوو، کاتی خۆی وەزیری نەوت کە رێکلامی بۆ ئابووری سەربەخۆ دەکرد، دەیوت "ئەو ١١ ملیارد دۆلار بودجەیەی کە ساڵانە بەغدا بۆ هەرێمی دەنێرێت، من لەڕێی ئابووری سەربەخۆە بۆتان ئەکەم بە ٣٣ ملیارد دۆلار، ئیتر ئیشمان بە بەغدا چیە".


کازم فاورق پێیوایە "تەبعەن وەزیر باش دەیزانی کە ئابووری سەربەخۆ واتە "ئابووری سەر بە بنەماڵە"، هەر بۆیە وەزارەتەکەی لە جانتاکەی خۆی تێنەپەڕی. ئێستاش و ئەوساش کەس نەیزانی چەند نەوت فرۆشراوە و چەند پارە وەرگیراوە".


سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ پێیوایە "ئەم کابینەیەش کە بەحساب دەوترا جیاوازە بەفیعلی جیاواز دەرچوو، چونکە ئەسڵەن ئیمانی بە دامەزراوە و وەزارەت و سندوقی داهات و ئەم شتانە هەر نیە. تەنانەت جانتاکەی کابراش (کە ئیستیفادەی فلسێکی بۆ خەڵك نەبوو) بە ئیزافە دەزانێت. جگە لە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و هەندێک بەرپرسی حیزبی لە هەردولا، بە تەحەداوە دەڵێم هیچ کەسێکیتر نە لە حکومەت و نە لە پەرلەمان ئاگایان لە مەلەف و داهاتی نەوت نییە".


لە کۆتاییدا دەڵێت "نە ئەو وەزارەتە جانتاییەی کابینەکانی پێشوو و نە ئەم کابینە بێ وەزارەتەی ئێستا ناتوانن مەلەفی نەوت شەفاف بکەن، چونکە هەردوو حیزب بەڕوونی نەوت بە موڵکی بنەماڵە دەزانن و جگە لە دووکەڵ و قەرزەکانی هیچیتر ناگات بە خەڵك".




PM:10:57:20/10/2019