سەرۆکایەتی هەرێم لەسەر بەردەبارانکردنی ئەو هێزانەی ئەمەریکا کە پاشەکشەیان کردبوو لە سوریاو بۆ هەرێم، هاتە دەنگ و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە رێزیان بۆ هێزی ئەمەریکاو هاوپەیمانان هەیە.
ئەمرۆ ٢١ی تشرینی یەکەم لە کاتی کشانەوەی کاروانی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریاوە بۆ هەرێمی کوردستان و دواتر بۆ ناوەڕاستی عێراق، لە ناحیەی خەبات و کەڵەک هێزەکانی ئەمەریکا بەردەباران کران، ئەمشەویش سەرۆکایەتی هەرێم راگەیاندنێکی لەسەر ئەو کێشەیە بڵاوکردەوە.
دەقی راگەیاندنەکە..
ھێزی ھاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی سوپای ئەمەریکا ڕۆلێکی سەرەکییان ھەبووە لە پاراستن و ھاوکاریکردنی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، ھەر لە ڕاگەیاندنی ناوچەی دژەفڕینهوه لە ساڵی ١٩٩١، تا ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ و تێکشکاندنی گرووپی تیرۆرستی داعش لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، ھەر لەم پێناوەشدا شانبەشانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان قوربانییان داوە و بەرگرییان لە ھەرێمی کوردستان کردووە.
نابێت ڕۆڵ و خەباتی ھاوپەیمانان، بەتایبەتی سوپای ئەمەریکا، تێکەڵ بە بڕیاری نەخوازراوی سیاسی بکرێت. ھەرێمی کوردستان ڕێز و پێزانینی بۆ ھێزی ھاوپەیمانان و سوپای ئەمەریکا دووبارە دەکاتەوە و خەبات و قوربانیدانیان بەرز ڕادەگرێت.
سهرۆکایهتیی ههرێمی کوردستان