وتەبێژی کەجەکە: تورکیا چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی دژی گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەکارهێناوە


وتەبێژی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان "کەجەکە" لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند"  تورکیا هەموو یاسا نێودەڵەتییەکانی پێشێلکردووە، چەکی قەدەغەکراوی فسفۆر و کیمیایی دژی گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەکارهێناوە".


زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەروەی کۆما جڤاکێن کوردستان "کەجەکە" لە لێدوانێکیدا لەبارەی هێرشەکانی تورکیاو بۆ سەر رۆژئاوای  کوردستان رایدەگەیەنێت: تورکیا هەمو یاسا نێودەڵەتییەکانی لە رۆژئاوای کوردستان پێشێلکردووە و چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی دژی  گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەکارهێناوە، لەو ڕێگەیەوە دەیەوێت گەل کۆچبەر بکات و دیموگرافیای ناوچەکە بگۆڕێت. 


زاگرۆس هیوا لە لێدوانەکەیدا دەشڵێت: دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی بۆ ١٠٠ ساڵی دیکە درێژ بکاتەوە، بۆیە ئێمەش وەک گەلی کورد دەبێت هەبوونی خۆمان بپارێزین و بەرخۆدانی خۆمان بەهێز بکەین.


وتەبێژەکەی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەروەی کۆما جڤاکێن کوردستان "کەجەکە" جەختیشکردەوە: ئەگەر خەونی ئەردۆغان لە ڕۆژئاوا سەرکەوتوو بێت، گروپە توندڕەوەکانی سەر بە ئەردۆغان سبەینێ لە دهۆک، هەولێر، سلێمانی و سەرجەم پارچەکانی دیکە ڕادەکشێن و بوونی کورد بە تەواوی لە سەر زەوی دەسڕنەوە، بۆیە تاکە پشتیوان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و گەلی کورد خۆیەتی.


زاگرۆس هیوا وتیشی" هەر حزب و لایەنێک، کە خۆی بە پێشەنگ و پارێزەری گەلی کورد دەزانێت، پێویستە گوێ لە شەقام و سەرهەڵدانی گەل لە هەر چوار پارچەی کوردستان بگرێت". 


وتەبێژی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەروەی کۆما جڤاکێن کوردستان "کەجەکە" سەبارەت بە بایکۆتکردنی کاڵای تورکی دەڵێت" بایکۆتی کاڵای تورکی هەنگاوێکی نافەرمانیی مەدەنییە، نیشانەی ئاستی هۆشیاریی و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و کلتوریی گەلی باشووری کوردستانە".


زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەروەی کۆما جڤاکێن کوردستان "کەجەکە" لە لێدوانەکەیدا ئەوەشی خستەڕوو: ئەو چەک و کەرەستەی سەربازییەی، کە تورکیا هێرشی پێدەکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، زۆربەی داهاتەکەی لە باشووری کوردستان بە دەست دێنێت، هەر بۆیە هەنگاوی بایکۆت پیرۆزە و پێویستە فراوانتر بکرێت. 






PM:01:06:23/10/2019