كاروانێكی هێزه‌كانی رووسیا دەچێتە کۆبانێ

كاروانێكی سەربازی رووسیا له‌ رووباری فورات په‌ڕینه‌وه‌ و روو له‌ شاری كوبانێ دەکەن.

میدیا رووسیەکان بڵاویانكرده‌وه‌، كاروانێكی سەربازی رووسیا بەرەو كوبانێ چووە ئەوەش لە چوارچێوەی رێككه‌وتنی دوێنێی نێوان توركیا و رووسیادایه‌.

به‌ گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌، هەسەدە به‌ قوڵایی 30 كیلۆمه‌تر له‌ سنووری توركیا دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌ و هه‌ریه‌ك له‌ ناوچه‌كانی گرێ سپی و سه‌رێ كانی و كوبانێ ده‌كه‌ونه‌ سنووری ئه‌و ناوچه‌ ئارامه‌ی توركیا و رووسیا له‌سه‌ری رێككه‌وتوون.

هاوكات، هێزه‌ رووسییه‌كان روو له‌و ناوچانه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ به‌ ده‌ست هه‌سه‌ده‌وه‌ن و له‌ ماوه‌ی 150 كاتژمێردا ده‌بێت هه‌سه‌ده‌ و یه‌په‌گه‌ له‌ ته‌واوی ناوچه‌كانی سنووری ناوچه‌ی ئارام بكشێنه‌وه‌.

PM:01:35:23/10/2019