هەپەگە کوشتنی ۱٥ سەربازی تورکیای ڕاگەیاند

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە ڕایگەیاند: لە ناوچەی کاغزمانی قەرس لە چالاکییەکی گەریلاکانیدا لەدژی کاروانێکی سوپای تورکیا ١٥ سەرباز کوژراون.

هەپەگە لەسەر هێرشی گەریلاکانی لە ناوچەی کاغزمان سەر بە قەرس ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: هێزەکانمان ٢١ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٨:٢٠ خولەکی بەیانی لە ناوچەی کاغزمانی قەرس لە مەیدانی گەلیی حاجێ لەدژی کاروانێکی سوپای داگیرکەری تورک چالاکییان ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا زرێپۆشێک لە جۆری 'کرپی' بە تەواوەتی تێکشکاوە، ١٥ سەرباز کوژراون و سێی دیکەش برینداربوون، دوای چالاکییەکە سوپای دوژمن بە زرێپۆش کوژراو و بریندارەکانی لە ناوچەکە دوورخستەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: ئەو چالاکییەی بۆ بەبیرهێناەوەی هەڤاڵ بێریتان (گوڵناز کاراتاش) ئەنجامدراوە کە ٢٥ی ١٠ی ساڵی ١٩٩٢ شەهید بووە.  


PM:06:17:24/10/2019