خۆپیشاندەران بینای پارێزگای "دیوانییە" یان سووتاند



بەگوێرەی زانیارییەکان کەمێک لەمەوپێش خۆپیشاندەران بینای پارێزگای "دیوانیە" یان لە باشووری عێراق سووتاند، هاوکات بارەگای حیزبی "دەعوە"یان لە شاری "نەجەف" سووتاند.



کۆمسیۆنی مافی مرۆفی عێراق ڕایگەیاند" تاکو ئێستا ٢١ خۆپیشاندەر و پۆلیس کوژراون و ١٧٧٩کەس لە هەردوولا برینداری جۆراو جۆر بە غاز و فیشەکە". 



لەدرەنگانێکى شەوى رابردووەوە سەدان هاووڵاتى لە گۆڕەپانى تەحریر لە شارى بەغدا کۆبوونەوە وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانى خۆپیشاندانێکى بەرفراوان و ئەمڕۆش بە فراوانی خۆپیشاندان لەبەشێکی زۆری پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو. 




هاوکات بەرەبەیانی ئەمڕۆش لە وتارێکدا سەرۆک وەزیرانی عێراق، عادل عبدولمەهدی رایگەیاند" پێشێلکاری بەرامبەر خۆپیشاندران قبووڵناکەن و رێگەنادەن هێرشبکرێتە سەر کەناڵەکانی راگەیاندن و دامەزراوەکانی دەوڵەت، لەگەڵ ئەوانەشدا خۆپیشاندان بە مافی رەوای هەموو هاووڵاتیانی عێراق دەزانێت". 


سەرۆک وەزیرانی عێراق لە وتارەکەیدا دەشڵێت: مووچەی پلەباڵاکان بۆ نیوە کەمدەکەینەوە، ئاستی مووچەکان لێک نزیک دەکەینەوە، لەڕێگەی چەند پڕۆژەیەک هەلی کار دەڕەخسێنین و مووچەی ١٣٠ هەزار دیناری بۆ هەر بێکارێک دەبڕینەوە. 







PM:08:08:25/10/2019