هەسەدە: توركیا بەردەوامە لە پێشێلی ئاگربەست


كەمێك پێش ئێستە هێزەكانی سووریای دیموكرات "هەسەدە" لە بەیاننامەیەكدا ئاماری ٢٤ سەعاتی رابردوویان بڵاوكردەوە، بەگوێرەی بەیاننامەكەش بێت لە ٢٤ سەعاتی رابردوو ٢٩ چەكداری میلیشیا كوژراون و ژمارەیەكیشیان لێ بریندارن، هاوكات چوار ئۆتۆمبێلی سەربازی سوپای توركیا تێكشكێنراون، لە ئەنجامی بەرپەرچدانەوەی هێرشی میلیشیاكانیش، شەڕڤانێك شەهید و ١١ی تریش بریندار بوون.


ئەمەش دەقی بەیاننامەکەی هێزەكانی سووریای دیموكرات "هەسەدە"...



ئەو گوندانە لە دەرەوەی ناوچەی وەستاندنی شەڕن، شەڕڤانان لە چوارچێوەی مافی بەرگری لە خۆیان بە توندی بەرپەرچی هێرشەكانی داوەتەوە و شەڕێكی قورس رووی داوە.


بەگوێرەی بەیاننامەكەی هەسەدە بێت، لەو شەڕەدا لایەنی كەم 10 چەكداری میلیشیا تیرۆریستەكان كوژراون و ژمارەیەكی تریش بریندار بوونە و دوو ئۆتۆمبێلی سەربازیش تێكشكێنراون.


لە عاموودا و درباسیە، سوپای توركیا هەوڵی پێشڕەوی داوە بە ئاراستەی گوندی دردارە، بەڵام لەلایەن شەڕڤانان بە توندی وەڵام دراونەتەوە، بەڵام تا ئێستە زیانەكانی سوپای توركیا نەزانراوە.


هاوكات لە كۆبانێ و عەین عیسا، سوپای توركیا و چەكدارە میلیشیاكانی سەر بە توركیا، بەردەوامن لە هێرشكردنە سەر گوندەكانی دەوروبەری كۆبانی و گرێ سپی و عەین عیسا، ئەمەش پێشێلكارییەكی زەقی بڕیاری وەستانی جەنگە، سوپای توركیا لەم ناوچەیە بە فڕۆكەی جەنگی بۆردمانی گوندەكانی جلبە، دبس، خربە فاریای باكوری عەین عیسای كردووە و هێرشی زەوینیشی ئەنجام داوە، هاوكات گوندی عفدوكێش لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردمان كراوە، ئەگەر ئەو گوندە لە دەرەوەی ناوچەی وەستانی جەنگدایە، بەڵام سوپای توركیا، وێڕای بۆردمان، ئەوا بە سەختی تۆپبارانیشی كردووە و هەوڵی پێشڕەویشی داوە، بەڵام شەڕڤانان بەرپەرچیان داونەتەوە و لەم شەڕەدا 19 چەكداری هێزی ئیسلامی سووری سەر بە توركیا كوژراون و ژمارەیەكی تریش بریندارن.


كۆی گشتی رووداوەكانی 24 سەعاتی رابردوو بەگوێرەی بەیاننامەكەی هەسەدە بێت، ئەوا 29 چەكداری میلیشیاكانی سەر بە توركیا كوژراون و ژمارەیەكیشیان بریندارە و چوار ئۆتۆمبێلی سەربازیش تێكشكێنراون، لە بەرانبەریشدا شەڕڤانێك شەهید بووە و 11 تریش بریندارن.
 
 


PM:04:59:26/10/2019