ڤیدیۆی ئەو ژنە شەڕڤانەی بە برینداری کەوتە دەست چەکدارانی تورکیا کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە



ڤیدیۆی چیچەک کۆبانێ، ئەو ژنە شەڕڤانەی ڕۆژی ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ بە برینداری کەوتە دەست گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا کاردانەوەی لایەنە سیاسییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لێدەکەوێتەوە.


ئەبو بەکر هەڵەدنی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی، هاوکات پەرلەمانتاری یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان لە لاپەڕەی فەڕمی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی "فەیسبووک" لەسەر بەدیل گرتنی "چیچەک کۆبانێ" هاتە دەنگ و لە پۆستێکدا بۆی دەنووسێت" سەربەرزکەوە ئەی شاجوانی نیشتیمانم، تۆ وەک ئەوان لە ئاکسەرای، بەسەرخۆشی لە ڕسوایی یانه ی شەوان نە گیراویت، دڵنیابە لە ناومانیت، تو سمبولی هەرچوار پارچەی کوردستانیت، ئەبێت وێنەت لەگەڵ بگرن چونکە ئەوان نەیان دیووە، شاجوان لە مەیدانی دەنگا، تاجی شەرەفی لە سەربێ، لەدەستیشی نارنجوکێکی چوار ڕەنگ، بۆ بەرگری نیشتمانی وا لە ناو جەنگ".



هاوکات میدیای تورکیا وێنەیەکی چیچەک کۆبانێی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاند" لە نەخۆشخانەیەکی تورکیا چارەسەری بۆدەکرێت بەبێ ناوهێنانی نەخۆشخانەکە. پێشتریش ئۆپۆزیسیۆنی سووریاش لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، چیچەک نەکوژراوە و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت".


هەروەها ڕۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" لەبەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەدا، رۆژی دووشەممەی رابردوو 21ی تشرینی یەکەم، سوپای تورکیا هێرشیکردەسەر گوندی میشراقەی سەر بە شارۆچکەی عەین عیسا و شەڕڤانانیش بەرپەرچیانداونەتەوە، لە ئەنجامی ئەوەشدا "چیچەک" برینداربووەو کەوتووەتە دەست گرووپە چەکدارە تووندڕەوەکان.


لە راگەیێندراوەکەدا فەرماندەیی هێزەکانی یەپەژە هۆشداری ئەوەشی دابوو پاراستنی گیانی لە ئەستۆی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. بەپێویستیشی زانیبوو، دەستوەردانی بەپەلە بکرێت و فشار بخرێتە سەر تورکیا بۆ ئازادکردنی ئەو شەڕڤانە.


دوابەدوای بەدیلگرتنی شەڕڤان چیچەک کۆبانێ، گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دیمەنێکی چیچەکیان بڵاوکردەوە کە بە برینداری بەدیلیان گرتووەو تیایدا هەڕەشەی کوشتنی لێدەکەن و تاوەکو ئێستاش چارەنووسی نادیارە.


چیچەک کۆبانێ، لەدایکبووی شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستانە، لە شەڕی دژی داعشدا ڕۆڵێکی کاریگەری بینیووە لە ڕیزی یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە"، لەدەست پێکی هێرشی سووپای توورکیا گرووپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی "چیچەک " بەرگرییەکی بێ وێنەی ئەنجامدا، ڕۆژی ٢١ی ئۆکتۆبەر لە گوندی "میشڕافا" لە ناحییەی "عین عیسا" بەبرینداری کەوتە دەست گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا. 
 


AM:09:56:27/10/2019