یەکێتی مامۆستایانی عێراق مانگرتنی ڕاگەیاند

یەکێتی مامۆستایانی عێراق رایگەیاند، تاوەکو رۆژی یەکشەممەی ئایندە مانگرتن رادەگەیەنن و ناچنەوە قوتابخانەکان.

لە راگەیەنراوێکدا یەکێتی مامۆستایانی عێراق ڕایگەیاندووە لە کۆبونەوەی نائاسایی ئەنجومەنەکەیاندا تاتوێی دۆخی ئێستا وڵات و هەڵوێستی مامۆستایانیان لەوبارەیەوە کردوە.

ئاماژەیان بەوەشکردوە، سەرنجیان لەسەر شێوازی روبەڕوبونەوەی خۆپیشاندەران هەیە کە داواکاری رەوایان هەیە و مامەڵەکردنی هێزە ئەمنییەکانیش بەو شێوەیە بێ پاساوە.

یەکێتی مامۆستایانی عێراق دەشڵێن، وەکو هاوهەڵوێستییەک بۆ داواکاری خۆپیشاندەران بڕیاریانداوە بۆ ماوەی چوار رۆژ مانگرتنی گشتی رابگەیەنن و نەچنەوە سەر کارەکانیان.

بە گوێرەی دوایین ئاماری کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، لە سێ رۆژی رابردودا تا ئێستا زیاتر لە 74 کەس لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا کوژراون و زیاتر لە سێ هەزار 654 کەسی دیکەش برینداربون.
 


PM:01:39:28/10/2019