ناوەندی ڕاگەیاندنی "قەسەدە" لە بەیاننامەیەکدا ئاماری دوایین شەڕەکانی ڕاگەیاند


ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩هێزەکانی سوریای دیمۆکرات "قەسەدە" لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای دەکات، کە هێرشەکانی دەوڵەتی توورکی داگیرکەر بەردەوامیان هەیە و لە دوایین هێرشەکان- دا ٥٦ سەربازی توورک و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی توورک کوژراون.


ناوەندی ڕاگەیاندنی "قەسەدە" لە بەیاننامەیەکدا ئاماری دوایین شەڕەکانی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد: کە بە گشتی ٥٦ چەتەو سەربازی توورکی داگیرکەر کوژراون و لە ئەنجامی بەرخۆدانی شۆڕشگێڕانەی هێزەکانیاندا ١٣ شەڕڤانی ڕێگای ئازادی شەهید بوون.


ئەمەش دەقی بەیاننامەکەی ناوندی ڕاگەیاندنی "قەسەدە" بەم شێوەیەیە... 


هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر بە پشتیوانی تەکنیکە سەربازییەکانیەوە، بەردەوامن. دوای کشانەوەی هێزەکانمان لەو ناوچانەی لەسەری ڕێکەوتبووین، سوپای تورکی داگیرکەر هێرشەکانی توندتر کردۆتەوە و بەردەوامە لە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە دا. لەم چوارچێوەیەشدا هێزەکانمان وەڵامی پێویستی ئەم داگیرکەریانە دەدەنەوە.


بەرەی نێوان سەرێکانی و دربێسی


لە گوندی دەردارا و مۆریکس و باب ئەلخێر سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بە چەکی قوڕسی وەکو تانک و فرۆکەی جەنگی هێرشێکیان ئەنجام دا. لە وەڵامدانەوەی شەڕڤاناندا ٣ تانک و ٣ زرێپۆش و ٦ ئۆتۆمبێلی سەربازی لەناو بران و ٤٠ سەرباز و چەتەش کوژران. هەروها لە ئەنجامی ئەو شەڕانەدا ١١ شەڕڤانمان بە گیانێکی قارەمانانە شەهید بوون.


بەرەی نێوان تل تەمر و سەرێکانی


سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لە گوندەکانی بیرنوح و تل دیاب و ئەسەدیە بە چەکی قوڕسی وەکو تانک و فڕۆکەی جەنگی هێرشیان ئەنجام دا. لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی شەڕڤاناندا ٢ ئۆتۆمبێلی دۆشکەهەڵگر لەناو بران و ١٦ سەرباز و چەتەش کوژران.


بەرەی کۆبانی و عەین عیسا


چەتەکانی سوپای تورکی داگیرکەر لە گوندی قزەلیش هێرشێکیان ئەنجام دا و بەو هۆیەوە ژمارەیەکی زۆریان کوژران و بریندار بوون. لە هەمان هێرش دا ٢ هەڤاڵمان بریندار بوون. هەروها 3 سەربازی ڕژێمیش بریندار بوون.


بە گشتی هێرشەکان بە تەواوی تێکشکێنران و لە ئەنجامی کۆی گشتی شەڕەکاندا ٣ تانک و ٥ زرێپۆش و ٢ ئۆتۆمبێلی دۆشکەهەڵگرو ٦ ئۆتۆمبێلی سەربازی لەناو بران و بە گشتی ٥٦ سەرباز و چەتە کوژران. هەروها سەربازێکی ڕژێمیش گیانی لەدەست دا و ١٣ سەربازی تری ڕژێم بریندار بوون. 


لە کۆی شەڕەکاندا ١٣ هاوخەبات و هەڤاڵمان شەهید بوون و دووانی تریش بریندار بوون.
 


AM:09:49:29/10/2019