وتەبێژی هاوپەیمانان: لەگەڵ پێشمەرگە توانای داعشمان لەناوبرد

وتەبێژی هاوپەیمانان ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لەگەڵ پێشمەرگە توانای داعشمان لاناوبرد، هەروەها پێشمەرگە یەکەم هێز بوو کە ڕووبەڕووی داعش بووەوە".

 

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا مایلیس کاگینس، وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەوەشی خستەڕوو: ئەنجومەنی ئاسایشی کوردستان ڕۆڵێکی کاریگەری لەشەڕی دژی داعش گێڕاوە، کە زانیاری بۆ هێرشی ئاسمانی پێداین.

 

وتەبێژەکەی هاوپەیمانان جەختیشکردەوە: پێشمەرگە یەکەم هێز بوو ڕووبەڕووی داعش بووە و ئەندامانمان بە تواناکانی هێزی پێشمەرگە سەرسامن، چونکە تواناکانی پێشمەرگە زۆر پێشکەوتوون، هەروەها هاوکار دەبین بۆ چاکسازییەکان لەوەزارەتی پێشمەرگە.

 

وتیشی" نزیکەی دووهەزار پێشمەرگە لەشەڕی دژی داعش شەهید بوون، نزیکەی دە هەزار پێشمەرگەش برینداربوون".

 

سەبارەت بە کوژرانی بەغدادی ئاماژەی بەوەکرد" کوژرانی خەلیفەی داعش هەنگاوێکی گرنگ بوو، بەڵام شانەی نووستووی داعش لە کەرکوک و ئەنبار و سەڵاحەدین و دیالە ماون، هەروەها هێزەکانمان لە سنووری دێرەزول جێگیر کراون و هێزاکانمان لەسەدا ٢٥ی کارەکانمان لە کوردستان ئەنجامداوە". 



AM:10:19:29/10/2019