برێت مەکگۆرک: بەغدادی سەرکردەیەک نییە بە ئاسانی کەسێکی دیکە لە جێگەی دابنرێتەوە

نوێنەری تایبەتی پێشووی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی زە واشینتۆن پۆست ڕایگەیاند" بەغدادی سەرکردەیەک نییە بە ئاسانی کەسێکی دیکە لە جێگەی دابنرێتەوە. بەغدادی خۆی وەک خەلیفەی موسوڵمانان ناساند و وایکرد هەزاران شەڕکەری بیانی بەرەو سوریا ڕابکێشێت".


برێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتی پێشووی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنەکەدا وتیشی" داعش دوای پێنج ساڵ لە شەڕ و پێکدادان بە نزیکەیی لەناوبرا و هیچ خاکێکی لە ژێر دەستدا نەما، دەکرا ئەم سەردەمە بۆ جێگیر کردنی ئەو سەرکەوتنانەی بەدەستهێنراون و کارکردن بۆ دۆزینەوەی شانە نووستووەکانی داعش بەکار بهێندرێت".


مەکگۆرک ئەوەشیخستەڕوو: پسپۆڕە هەواڵگرییەکانمان لە ئێستادا کار لەسەر دۆزینەوەی شانە نووستووەکانی داعش دەکەن، بەڵام بڕیاری لەناکاوی کشانەوەمان بەکارهێنانی ئەو زانیارییانە زۆر قورستر دەکات.


 نوێنەری تایبەتی پێشووی ئەمریکا دەشڵیت: ئیدلیب لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بووە بە گەورەترین بەهەشتی تیرۆریستان، بەشی هەرە زۆری چەکدارانی گرووپە توندڕەوەکان لە ڕێگەی تورکیاوە خۆیان گەیاندە خاکی سوریا، لە ئێستادا خاکی شاری ئیدلیب لە لایەن گرووپە توندڕەوەکانی سەر بە ئەلقاعیدەوە بەڕێوە دەبرێت کە ڕاستەوخۆ لە لایەن تورکیاوە پشتیوانییان لێ دەکرێت.


برێت مەکگۆرک جه‌ختیشکردەوە: ئەو زانیارییە مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا، زانیارییە هەواڵگرییەکانمان لەو ناوچانە لە لایەن تورکیاوە پێ ناگات، بەڵکو لە لایەن هاوپەیمانەکانی دیکەمان و بە تایبەت هاوپەیمانە کوردەکانمانەوە پێمان دەگات، ئەو بابەتەی کە سەرۆک ترەمپ دەڵێت زانیارییە هەواڵگرییەکانی سەبارەت بە کوشتنی بەغدادیمان لە هێزە کوردییەکانی سوریاوە وەرگرتووە شتێکی سەرسوڕهێنەر نییە، چونکە هەموو ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو ناوچەیە هەر بەو شێوەیە ئەنجام دراوە. 

 

لێدوانەکەی مەکگۆرک لە کاتێکدایە، کە بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی"شەرقولئەوسەت"، ئەبوبەکر بەغدادی پێش کوژرانی، "عەبدوڵڵا قارداشی" بۆ جێگرتنەوەی خۆی لە خەلیفایەتیی داعش هەڵبژاردبوو.
 

هەروەها دوێنێ دووشەممە ماڵپەڕی فۆرن پـۆڵسی، ڕاپـۆرتێکی لە بارەی ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمەریکا لە دژی ئەبو بەکر ئەلبەغدادی، ڕێبەری داعش بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاند" جەنەڕال مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیمووکرات "هەسەدە"  تاکە کەسی بیانی بووە ئاگاداربووە ئامانجی ئۆپەراسۆنەکە ئەبوو بەکر بەغدادییە".


هاوکات بەرەبەیانی رۆژی یەک شەممە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتد، تیمێکی یەکەی سەربازیی تایبەتی ئەمریکی بەناوی "دەلتا فۆرس" ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعشی لە شاری ئیدلیب لە باکووری رۆژئاوای سووریا، کوشت. 

 


AM:11:34:29/10/2019