مەزڵووم کۆبانێ بانگەوازی وەزارەتی بەرگری سووریای رەتكردەوە


شەوی ڕابردوو ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە" لە تیوتێکدا رەتیكردەوە بەو شێوازەی وەزارەتی بەرگری سووریا بڵاویكردوەتەوە هێزەكانی هەسەدە بچنە ناو سوپای سوریا.


مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" لە لاپەڕەی فەڕمی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی "تیوتەر" ڕایگەیاند" ئەو شێواز و رێگەیەی وەزارەتی بەرگری سووریا بۆ بانگهێشتكردنی ئەندامانی هێزەكانمان بۆ ناو سووپای سوریا رەتدەكەینەوە و پێشوازی لێ ناكەین".


کۆبانێ لە تیوتەکەیدا ئەوەشی خستەڕوو: دەبوو وەزارەتی بەرگری سووریا لەسەر بنەمای پێشنیازەكانمان رێگەچارەی بۆ ئەو پرسە دەستنیشان بكردایە، كە ئەوەش پارێزگاریكردنە لە تایبەتمەندێتی (هەسەدە) لەو ناوچانەی ئەو هێزانەی تێدایە، تا ببنە بەشێك لە دامەزراوەی بەرگری سووریا. 


ئەم هەڵوێستەی مەزڵووم کۆبانی دوای ئەوە هات كە وەزارەتی بەرگری سوریا داوای لە شەڕڤانانی هەسەدە و ئەندامانی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان كرد بچنە نێو سوپا و هێزە ئەمنییەكانی سوریاوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی سوپای توركیا.














AM:12:26:31/10/2019