سیستانی پەیامێکی ئاڕاستەی سیاسیەکانی عێراق کرد

مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لەسەر دۆخی ئێستای وڵاتەكەی داوای لە لایەنە بەشداربوەکانی پرۆسەی سیاسی کرد رێگری لە رژانی زیاتری خوێنی عێراقییەکان بکەن و پشتیوانی خۆشی بۆ هەموارکردنەوەی دەستور دەربڕی.

ئەحمەد سافی، نوێنەری عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لە وتاری ئەمڕۆیدا لە کەربەلا، نامەیەکی مەرجەعیەتی بۆ سیاسیەکانی عێراق خوێندەوە و داوایلێکردن رێگری بکەن لە دروستبونی شەڕی ناوخۆ و رژانی خوێنی زیاتری عێراقییەکان.

داواشی کرد هەمو لایەنەکان هەماهەنگی بکەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانەی ئێستا وڵاتی پێدا تێدەپەڕێت و دەڵێت "مافی هیچ کەسێک و لایەن و وڵاتێکی هەرێمی نیە ببێتە جێگرەوەی ئیرادەی گەلی عێراق بۆ هەر گۆڕانکارییەک داوای دەکات".

خۆپیشاندانەکانی عێراق کە رۆژی هەینی 25ی تشرینی یەکەم دەستیانپێکردوەتەوە، داواکاریەکانیان بریتییە لە چاکسازی، دروخستنەوەی ئەو بەرپرسانەی لە گەندەڵی تێوەگلاون، لەگەڵ دەستەبەركردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و هەلی کار و هەموارکردنەوەی دەستور.

PM:01:21:01/11/2019