"عادل عەبدولمەهدی سەرۆکایەتی حکومەتێکی ڕاگوزەر دەکات"


لەیس کوبە، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند" لەکاتی پێکهێنانی حکومەتێکی ڕاگوزەردا، دکتۆر عادل عەبدولمەهدی لەم بارودۆخەی ئێستادا ئامادەیە سەرۆکایەتی ئەو حکومەتە بکات". 


لەیس کوبە لەلێدوانێکیدا بۆ میدیا ئەمریکییەکان ڕایگەیاندووە: فشارەکان لەهەڵکشاندان و لەو باوەڕەدام لەکۆتایدا عادل عەبدولمەهدی سەرۆکایەتی حکومەت دەکات لە قۆناغی ڕاگوزەردا.


هەروەها وتیشی" ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەیە کە جێگرەوەیەک دەستنیشانکرێت و وڵات لەم ناکۆکییە توندە سیاسییە ڕزگار بکرێت". 


ڕاوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران وتی" عادل عبدولمەهدی کاتێک کە کرا بەسەرۆک وەزیران لەبەر ئەوەبوو کە شیعەکان نەیانتوانی ڕێکبکەون لەسەر کەسێک کە وڵات بەڕێوەبەرێت، ئەلتەرناتیفێکی تەوافوقیان دۆزییەوە کە عادل عبدلمەهدییە"، ڕوونیشیکردەوە" ئەوەی ئێستا ڕوودەدات گەنجە ناڕازێکان ئەنجامی دەدەن کە سەر بەهیچ حیزبێک و کۆمەڵێکی سیاسی نین و، داواکارییەکانییان ئاسانە، بەڵام توانییان هاوسەنگی تێک بدەن و هەموو ئەو هەوڵانەش کە ویستیان گەمارۆی خۆپیشاندانەکان بدەن شکستی خوارد".


لە کۆتایی قسەکانیدا کوبە دەشڵێت: خۆپیشاندەرانی ئێستا بەتوانایەکی ترەوە هاتوونەتە پێشەوەو قسە لەسەر یاسایەکی هەڵبژاردنی دیکە دەکەن، جەخت لەسەر نەهێشتنی پێگەی بیانی لە عیراقدا دەکەن.  


PM:02:13:03/11/2019