مەترسیەك لەسەر موچەی فەرمانبەران ئاشكرادەكرێت

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، مەترسی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ئارادایە، دەشڵێت "پارتی لە بەغدا تەنها هەوڵ بۆ بەرژەوەندی حزبی خۆی دەدات".

ئەمڕۆ یەك شەممە شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق و ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە "پارتی لە بەغدا هەندێك گرفتی دروستكردووە كە دواجار لە رووی یاساییەوە بە خراپ بەسەر گەلی كورددا دەشكێتەوە".

شیروان میرزا، ئەوەشی خستووەتەڕوو "رادەستنەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەلایەن پارتییەوە بە بەغدا، لە كاتێكدا لە ماوەی 11 مانگی رابردوودا عێراق هەموو مانگێك بڕێك پارە بۆ هەرێم دەنێرێت، لە بودجەی ساڵی داهاتوودا كێشە بۆ پشكی هەرێم دروست دەكات و بەشێكی زۆر لە پەرلەمانتارە عێراقییەكان لە دژی ناردنی پارەن بۆ هەرێم، چونكە تائێستا هیچ بڕە نەوتێكی رادەستی بەغدا نەكردووە".

ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی یەكێتیی باسی لەوەشكردووە "پارتی لە بەغدا تەنها هەوڵ بۆ بەرژەوەندی حزبی خۆی دەدات و تەنانەت چەند رێككەوتنێكی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان كردووە كە تەنها بەرژەوەندی خۆی تێدایە، نەك گەلی كورد".

PM:03:18:03/11/2019