نەوەی نوێ: لەسەر دۆخی کوردستان بێدەنگ نامێنینەوە



نەوەی نوێ لە راگەیاندراوێکدا نۆ داواکاری دەخاتە بەردەم حکومەت و جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە ئەگەر بەدەنگ ئەو داواکاریانەوە نەچن" بیدەنگ نامێنینەوە".
لەو راگەیاندراوەدا کە ئەمڕۆ ٣ ی تشرینی دووەم بڵاوکرایەوە، تیایدا هاتووە" بەشەفافیی مامەڵەبکرێت لەگەڵ دەستکەوتی نەوت وگاز و سەرچاوەکانی تری دارایی، لیژنەی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات درووست بکرێت و دەستبەجێ داهات و بڕی هەناردەی راستەقینەی نەوت و خاڵە سنووریەکان و داهاتی ناوخۆ بخرێتە بەردەستی ئەو لیژنەیە و ئاشکرا بکرێت".


دەقی ڕاگەیەنراوەكە:
 
بۆ/ دوو پارتی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان


پارتەحوکمڕانەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوانەی بەرپرسیارێتیی بەڕێوبردنی حکومەتی هەرێمیان لەئەستۆدایە، بە تایبەت پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، لەم کاتەدا کە عێراق دۆخێکی نوێی بەسەردا هاتووە و خەڵک ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و ڕۆژانە چەندیین کەس دەبنە قوربانیی، بەڵام هێشتا هاوڵاتییان سوورن لەسەر درێژەپێدانی خۆپیشاندان تا ئەوکاتەی داواکانیان بۆ جێبەجێدەکەن و سێ سەرۆکایەتییەکە هەڵدەوەشێتەوە.


لەبەر ئەم هۆکارانە خەڵک ڕژاونەتە سەرشەقامەکان و داوای ئەم مافە سەرەتایی و ڕەوایانەی خۆیان دەکەن، کە بێگومان بە ڕای جوڵانەوەی نەوەی نوێ هەموو ئەو کێشانە لە هەرێمی کوردستاندا بوونیان هەیە. سەرباری دواکەوتنی موچە و بوونی پاشەکەوتی موچە کە لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقدا بوونیان نییە.


ئێمە داواکارین دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق وەک چاودێر تەماشای دۆخەکە نەکەن، چونکە وەک باسمان کرد بەشێکی زۆری ئەو هۆکارانە لەکوردستانیشدا بوونیان هەیە و ئەگەر چارەسەری ریشەیی نەدۆزرێتەوە ئەوە بە دڵنیاییەوە پریشکی ئەو ڕوداوانە بۆهەرێمی کوردستانیش دەگوازرێنەوە.


لەم سۆنگەیەوە پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارانە لەگەڵ ئەم دۆخەی عێراقدا مامەڵە بکەن و لە هەرێمی کوردستاندا کۆمەڵێک هەنگاوی جدی بنێن بۆچارەسەری چەند قەیرانێکی قوڵ، بە پێچەوانەوە جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە هەموو لایەکی رادەگەیەنێت ئەوەی لەسەرمان بووە بۆ پاراستنی وڵات و ئاوڕدانەوە لە هاوڵاتییان و خزمەتکردنیان، ئەوە هەوڵمان بۆداوە، خۆ ئەگەر ئەم داواکارییانەی خوارەوە جێبەجێ نەکرێن و حکومەت کاری جدی نەکات لەژێر چاودێریی ئۆپۆزسیۆندا، ئەوە لە داهاتوودا دڵنیابن هاوڵاتییان خۆیان هەڵوێست وەردەگرن و تا سەر دۆخی کوردستان وا بەبێدەنگیی نامێنێتەوە و خەڵک بێدەنگ نابێت لە داواکردنی مافی خۆی.


هەروەها رایدەگەیەنین ئەو کاتەی پریشکی روداوەکانی بەغداد دەگەنە هەرێمی کوردستان ئەوە جوڵانەوەکەمان هەڵوێستی تری دەبێت و لەپاڵ خەڵکدا دەبێت و ڕەنگە ئیتر قسەکردن و باسکردنی چارەسەر سودی نەبێت.


ئێستا فرسەتە و جوڵانەوەکەمان وەک نیازپاکیی و وەک هەنگاوێکی نیشتیمانییانە پێش هەر ڕوداوێکی نەخوازراو، ئەم نامە فەرمییە ئاراستەی بەرپرسان و سەرکردایەتیی هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێم دەکات، ئەوەی لەسەرمان بووە کردومانە و سبەی هەرچی رووبدات ئەوە بێگومان ئێوە لێی بەرپرسن، ئەوسا ئاگەدارکراو هیچ پاساوێکی نامێنێت.


ئەو هەنگاوانەی پێویستن دەستبەجێ لە ئێستادا جێبەجێ بکرێن:


١- بەشەفافیی مامەڵەبکرێت لەگەڵ دەستکەوتی نەوت وگاز و سەرچاوەکانی تری دارایی، لیژنەی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات درووست بکرێت و دەستبەجێ داهات و بڕی هەناردەی راستەقینەی نەوت و خاڵە سنووریەکان و داهاتی ناوخۆ بخرێتە بەردەستی ئەو لیژنەیە و ئاشکرا بکرێت.


٢- چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەو هەموو ڕێژەی بێکارییە بدۆزرێتەوە کە ئێستا لەنێو گەنجاندا هەیە و جگە لە گرنگییدانی کەرتی گشتیی بەم بابەتە، ئەوە کەرتی تایبەت بە رۆڵی خۆی هەستێت و دەستی دوو حیزبی دەسەڵاتداری لێ دوربخرێتەوە.


٣-دانانی کاتێکی دیاریکراو بۆ گێڕانەوەی موچەی پاشەکەوتکراو، هەروەها دانانی ئالیەت و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو بابەتە.


٤- چارەسەرکردنی قەیرانی فەرمانبەری بندیوار و گێڕانەوەی ئەو بڕە پارەیە بۆ بواری خزمەتگوزاریی و ئاوەدانیی شار، قەزا، ناحیە و گوندەکان بە یەکسانیی بۆ هەموویان، نەک تەنها بۆ شارە گەورەکان.


٥- حکومەت بە پشت بەستن بە داواکاریی و پێشنیارەکانی نەوەی نوێ و هێزەکانی تری ئۆپۆزسیۆن، پرۆژەیەکی گەشەپێدانی هەمەلایەن ڕابگەیەنێت و لەم ڕێگەیەوە ئاستی گەشەو بژێوی هاوڵاتییان بەرزبکرێتەوە.


٦- دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بگەڕێندرێتەوە.


٧-هێزی پێشمەرگەی کوردستان یەک بخرێتەوە، هێزێکی نیشتیمانیی کوردستانیی دابمەزرێندرێت و دامەزراوە ئەمنییەکانیەکانی تریش یەکبخرێنەوە و دەستبەجێ جێگۆڕکێ بە کەسی یەکەمی دامەزراوە ئەمنیەکانی شارەکان بکرێت. بە جۆرێک بەرێوبەری دەزگە ئەمنیەکانی سنوری سلێمانیی بگوازرێنەوە بۆ هەولێر و دهۆک و بە پێچەوانەشەوە.


٨-گرنگیەکی باش بدرێت بەکەرتەکانی پەروەردە و تەندروستیی، هەروەها باشکردنی ڕێگەوبانەکان وبودجەی پێویستیان بۆ دیاری بکرێت.


٩- پرۆژەیەکی باش و جدی، لەگەڵ خشتەی کات و پلانی راستەقینە بخرێتە ڕوو بۆ چارەسەری کێشەی کەم ئاویی و بێکارەبایی و کێشە خزمەتگوزارەییە پێویستەکان.


ئەنجومەنی سیاسیی جوڵانەوەی نەوەی نوێ
٢٠١٩/١١/٣


PM:09:27:03/11/2019