بەرهەم ساڵح لەگەڵ سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم کۆدەبێتەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ دکتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆمارى عێراق گەیشتە هەرێمی كوردستان و بڕیارە سبەی لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم و لەیەنە سیاسیەکان کۆببێتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ دکتۆر بەرهەم ساڵح لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفا سەید قادر جێگرانی سەرۆكی هەرێم و ژمارەیەك لە بەرپرسانی سەرۆكایەتی هەرێم پێشوازی لێكرا.

بەگوێرەی زانیاریەکان بڕیارە سبەی سێشەممە، سەرۆك كۆماری عێراق بەشدارى کۆبونەوەى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان بکات.

لەو کۆبونەوەیەدا هەریەکە لە مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەت و رێواز فایەق سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان، و نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم و نوێنەری لایەنە سیاسیەکانی هەرێم ئامادە دەبن و سەرۆک کۆمار لەبارەى گۆڕانکارییەکانى عێراقەوە وتارێک پێشکەش دەکات و پرسی ئامادەکاری هەمواری دەستور تاوتوێ دەکرێت.

PM:05:42:04/11/2019