قوباد تاڵەبانی: كوشتنی خۆپیشاندەران شتێكی چاوەڕوان نەكراوە


شەوی ڕابردوو جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تیوتێکدا ڕایگەیاند" كوشتنی خۆپیشاندەران شتێكی چاوەڕوان نەكراوە، سەرۆك وەزیران كەسێكی باشە و لەگەڵ ئاشتیدایە، من دڵنیام ئەو فەرمانی تەقەكردنی دەرنەكردووە، بەبۆچونی من ئەوەندەی چەكداری میلیشیا لێیە كە لە ژمارە نایە".


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە تیوتەکەیدا ئەوەشیخستەڕوو: من نیگەرانم سەبارەت بەو دۆخەی لە بەغداد دەگوزەرێت، خەڵكی هۆكاری رەوای خۆیان هەیە بۆ سكاڵاكردن سەبارەت بە گەندەڵی، خزمەگوزاری خراپ، حوكمی خراپ، بەڵام كێشەكان هێندە قوڵن كە بەگۆڕینی سەرۆك وەزیران و یەك وەزیرو دوان چاك نابێت، چاكسازی پێویستی بە روئیا و ئیدارەیەكی سیاسی و هەوڵێكی زۆر هەیە. 


قوباد تاڵەبانی وتیشی" حكومەتی عێراقی دەتوانێت كۆتایی بە خۆپیشاندانەكان بهێنێت بە پێدانی شایستە داراییەكانی موچە خۆران، پێدانی دەرماڵە بە خانەنشینان، یان دروستكردنی شوێنی نیشتەجێبون بۆیان".


هاوکات هەر دوێنێ قوباد تاڵەبانی لەگەڵ شاندێكی كۆنگرێسی ئەمەریكا كۆبووەوە لە کۆبوونەوەکەدا  باسی چەند تەوەرێك كرا کە دیارترینیان بریتی بوو لە  چاكسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بارودۆخی ئاسایش و ڕەوشی سیاسی و خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەی عێراق.


هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا  پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغداد تاوتوێ كرا و  هەڵوێستیان  لەسەر ڕێگاكانی چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوولا كرد. 


هەروەها شاندەكەی كۆنگرێس پاڵپشتی ئەمەریكایان بۆ هەرێمی كوردستان و گەلی كورد دووپات كردەوە. 


AM:12:31:05/11/2019