ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی بەغدا بەرزبوویەوە

بەهۆی ھەوڵی ھێزە ئەمنییەكان بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشانەكانی شاری بەغداد نۆ کەس کوژران.

 

ئەمڕۆ سێ شەممە ٥ی تشرینی دووەم سەرچاوەیەكی پزیشكی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند" بەهۆی بەكارهێنانی گازی فرمێسكڕێژ و گوللـەی پلاستیكی لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندانەكانی شاری بەغدا، نۆ كەس كوژراون و ٤٠ی دیكەش برینداربوون.

 

لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردوو ، تەوژمی خۆپیشاندان بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقی گرتووەتەوە، خۆپیشاندەران داوای چاكسازیی و باشتركردنی ئاستی خزمەتگوزاریی و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دابینكردنی هەلی كار دەكەن، بەهۆی دروستبوونی پێكداهەڵپژانیش لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، تا ئێستا زیاتر لە ٢٥٠ كەس كوژران و هەزارانی تریش برینداربوون. 

 
لەبەرامبەردا حكومەتەكەی عادل عەبدولمەھدی زنجیرەیەك بڕیاری بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی راگەیاندووە و بڕیاری لێپرسینەوەشی لەو كەسانەداوە كە بەرپرسبوون لە ئەنجامدانی توندوتیژی و بەكارهێنانی ھێز دژبە خۆپیشاندەران.


PM:12:52:05/11/2019