ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریدا مامۆستایانی گرێبەست دابمەزرێنێت

ئەمڕۆ چوارشەممە ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا مامۆسدتایانی گرێبەست دابمەزرێنێت.

 

لە راگەیەنراوی کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە: حکومەتی هەرێم بڕیاری بە هەمیشەییکردنی پەسەند کرد بە رەچاوکردنی ئەوەی کە ئەم مامۆستا گرێبەستانە ماوەی چەندین ساڵە لە بواری پەروەردەوە خزمەت دەکەن و پێداویستی بواری پەروەردەیان پڕ کردووەتەوە.

 

لەڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: لە کۆبونەوەکەدا جەخت لەسەر یەکدەنگی و هاوهەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان کرایەوە لە بەغدا و، بەشدارانی کۆبوونەوەکە هاوڕابوون لە سەر ئەوەی، نابێت مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە عێراق کەم بکرێنەوە.

 

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا دووپات لەوە کراوەتەوە، بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو دەربارەی ئەو بابەتانەی پێوەندیدارن بە مووچە وئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانی و راگیراوی سیاسی لە هەرێمی کوردستان.  وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان راپۆرتێکی فراوانی دەربارەی ئەم بابەتە خستەڕوو. ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە سەر  بەردەوامبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەر خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و لە گەڵ حکومەتی فیدراڵیش لە گفتوگۆدا دەبێت لە سەر ئەم بابەتە.

 
ئەوەش لە کاتێکدایە نزیکەی شەش هەزار مامۆستای گرێبەست لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بونی هەیە، کە بەشێکیان ساڵانێکی زۆر خزمەتیان هەیە و تا ئێستا وەکو مامۆستای هەمیشەیی دانەمەزرێنراون.
 

 


PM:03:34:06/11/2019