ئەمڕۆ چوار شەممە ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لەپانێلێکی دیداری مێری رایگەیاند" پەیوەندیم لەگەڵ جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكان زۆر باشە و گونجاندنی باشم هەیە لەگەڵ قوباد تاڵەبانی باشە و دەمانەوێت بەردەوامبین لە روبەرونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازی".
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: وەزیرەكان زۆر جدین لە كارەكانیان و ئێمە هاتووین خزمەتی خەڵك بكەین، هەمان ڕۆحیەتم لە وەزیرەكان بینیووە.
مەسروور بارزانی ڕاشیگەیاند: دەمانەوێت گرنگی تایبەت بە خوێندن و تەندروستی بدەین، چونکە ئێستا بەپێی داتاکان پێویستمان بە 35 هەزار پۆلی خوێندن هەیە.
وتیشی" سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێممان وەك ئەرك و بەرپرسیارێتی وەرگرتووە نەك بۆ دەستكەوتی كەسی و چاومان لەوەیە سێكتەرەكانی پەروەردە و تەندروستی گرنگیەكی تایبەتییان پێ بدەین".
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیشی كردەوە: كە كار بۆ نەهێشتنی ڕۆتین و بە ئەلیكترۆنی كردنی دامەزراوەكان دەكەین و دەمانەوێت بە داتا بڕیار بدەین نەك بە میزاج.
سەبارەت بە كەرتی تەندروستی، مەسرور بارزانی وتی"دەمانەوێت گرنگی زیاتر بە كەرتی تەندروستی بدەین و لەبری خەرجی بۆ ناردنە دەرەوە بۆ چارەسەر، كەرتی تەندروستی بگەیەنینە ئاستی جیهانی و خەڵك بۆ چارەسەر بێنە هەرێم".
لەبارەی پەیوەندیەکانی هەرێم وبەغداشەوە ئاشکرایکرد: ئێمە دەمانەوێت پەیوەندیەکانمان لەگەڵ بەغدا باش بکەینەوە.