نوێترین زانیاری لەبارەی خۆپیشاندانەکانی عێراق

ئەمڕۆ چوارشەممە ٦ی تشرینی دووەم خۆپێشاندانەكانی عێراق كەوتە ناو 13مین رۆژییەوە و تا دێت گوشاری خۆپێشاندەران، بەتایبەتی لە بەسڕە، بەرەو دامەزراوە ئابوورییەكان ئاراستە دەكرێت، هەروەها لای خۆشییەوە وتەبێژ بەناوی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند" كە بەهۆی خۆپێشاندانەكانەوە تا ئێستە زیاتر لە شەش ملیار دۆلار زیان بە عێراق كەوتووە".

 

لیوا عەبدولكەریم خەلەف، وتەبێژ بەناوی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: بۆ پێنجەم رۆژە خۆپێشاندەران رێگەكانیان بەرەو كێڵگە نەوتییەكان داخستووە و ئێمە ئەوە قبووڵ ناكەین، دووپاتی كردەوە كە زیانەكانی عێراق بەو هۆیەوە شەش ملیار دۆلاری تێپەڕ كردووە، لەوكاتەی عێراق پابەندی هەیە و وا دەكات پارێزگاری لە بەندەرەكانی بكات.

 

ئەوەش لە کاتێکدایە سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای بەندەرەكانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەم دووپاتی كردەوە، كە تا ئێستە خۆپێشاندەران رێگەكانی بەرەو بەندەری ئوم قەسڕیان داخستووە و رێگە لە هاتنەدەرەوەی كاڵاكان دەگرن، جگە لە دەرمان و خۆراك بەو مەرجەی كە خۆیان پشكنینی بۆ بكەن.

 

هاوکات هەر ئەمڕۆ لە پارێزگای دیوانییە مانگرتنی فەرمانبەر و مامۆستا و قوتابیان لە دەوامی فەرمی و زانكۆكان بۆ دووەم هەفتە لەسەریەك بەردەوام بوو، جگە لە فەرمانگە تەندروستی و خزمەتگوزارییەكان.

 

سەرەتای‌ ئەم مانگە خۆپیشاندانی‌ جەماوەری‌ بەرفراوان لە ژمارەیەك شاری‌ عیراق دەستی‌ پێكرد و خۆپیشاندەران داوای‌ ئەنجامدانی‌ چاكسازی‌ و رووبەڕووبوونەوەی‌ گەندەڵی‌ و دابینكردنی‌ خزمەتگوزاری‌ و هەلی‌ كاریان دەكرد و دواتر داواكارییەكەیان گۆڕا بۆ گۆڕینی‌ حکومەتی عیراق.

 
 
 


PM:06:00:06/11/2019