سەرۆكی پێشووی دیوانی وەقفی شیعە گەشتکردنی لێ قەدەغە کرا

ئەمڕۆ چوار شەممە ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ دەستەی دەستپاكی عیراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند" فەرمانی لێكۆڵینەوە لە سەرۆكی پێشووی دیوانی وەقفی شیعە دەرکراوە و گەشتكردنی لێ قەدەغە کرا".

 

لە بەیاننامەکەدا دەستەی دەسپاکی عێراق ئەوەشیخسەڕوو: جگە لەسەرۆكی پێشووی دیوانی وەقفی شیعە، بەهەمان شێوە لێكۆڵینەوە لە بەڕێوەبەری پێشووی فەرمانگەی ئەندازیاری دەكرێت و گەشتكردن لەویش قەدەغەكراوە.

 

ئەمەش لەکاتێکدایە ڕۆژی هەینی ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ بە تۆمەتی ئەنجامدانی گەندەڵی و بەهەدەردانی پارەی گشتی، كە وەزیرێك و پێنج پەرلەمانتاری ئێستا و دوو وەزیری پێشوو لەنێویاندایە، دەستەی دەستپاكی لە عێراق، فەرمانی دەستگیركردن و لێپێچینەوەی بۆ ٦٠پەرلەمانتار و بەرپرسی ناوخۆیی وڵات دەركرد. 

 

هاوکات ڕۆژی  شەممە ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ بە تۆمەتی گەندەڵی و بەکارهێنانی دەسەڵاتی خۆیان بۆ بەفیڕۆدانی سامانی وڵات، دەستەی نەزاهەی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای دیوانیە دەرکرد.

 

هەرەوەها رۆژی هەینی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، سەدان هەزار هاووڵاتیی عێراق لە بەغدا و شارەکانی دیکەی باشووری ئەو وڵاتە، دژی گەندەڵی و کەمیی خزمەتگوزاری، خۆپیشاندانیان ئەنجام دا، وێڕاى ئەو هەنگاوانەى حکومەتى عێراق، تا ئێستا خۆپیشاندانەکانى عێراق بەردەوامییان هەیە و خۆپیشاندەران تا ئێستا وەڵامێکییان وەرنەگرتووە کە جێی ڕەزامەندییان بێت.

 

 



PM:06:33:06/11/2019