ناوەرۆکی نامەکەی پێنج سیناتۆری ئەمەریکی بۆ پۆمبیۆ لەسەر سزادانی تورکیا

دوێنێ پێنج سیناتۆری ئەمەریکی نامەیەکیان ئاراستەی وەزیری دەرەوە کرد بە مەبەستی سزادانی تورکیا، کە گرنگترینیان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هێزەکانی تورکیا ئاگربەستیان شکاندووە.

ناوەرۆکی نامەکە کە ھەر یەک لە ( لینسی گراھام و کریس ڤان ھۆلین و ڕیچارد بلومینسال و مارشال بلاکبیرن و جین شاھین ) ئامادەیان کردووە، چەند تەوەرێکی گرتۆتە خۆی کە گرنگترینیان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پەلە بکرێت لە سزادانی تورکیا.

هەروەها، ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ئاگربەستی مانگی ئۆکتۆبەرەوە، ژمارەیەک ڕاپۆرت ئاماژە بە لاساری تورکیا دەدەن و ئەوە دەخەنەڕوو کە تورکیا ھێرشی دڕندانەی کردۆتە سەر کوردەکان و چەکی قەدەغەکراویشی بەکارھێناوە.

لە نامەی ئەو پێنج سیناتۆرەدا ئەوەش دەخەنەڕوو کە تورکیا ئاگربەستی شکاندووە لەناوچەی ئارام، ئەمە جگە لەوەی کە ئەوان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە "پێویستە سزاکان بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام تائێستا نەکەوتونەتە بوارەوە و داوا دەکەین پەلەبکەن لە جێبەجێکردنی."

ئەو نامەیە دوێنێ ٦ ی تشرینی دووەم ئاراستەی پۆمبیۆ کراوەو ئەو پێنج سیناتۆرە داوا لەو وەزیری دەرەوە دەکەن پەلە بکات لە جێبەجێکردنی سزاکانی سەر تورکیا.

ئا: لوقممان غەفور


PM:07:30:07/11/2019