ئەمڕۆ شەممە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ عادل عبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، کە وەڵامی سیستانی دەداتەوە و دەڵێت" چاکسازی لە کۆمسیۆن، یاسای هەڵبژاردن و موچەی پلەباکاڵان دەکەین".
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەشکرد" خۆپیشاندانەکان گوشاریان لەسەر حکومەت و لایەنە سیاسییەکان دروستکردووە و حکومەت لێکۆڵینەوە لە دۆسییەی قوربانییەکانی خۆپیشاندانەکان دەکات".
سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ستایشی وتارەكەی مەرجەعیەتی كردوەو رایگەیاندووە: خۆپیشاندانە ئاشتیخوازەكانی گەلەكەمان بە گرنگترین روداو وڵات لە دوای ساڵی 2003ەوە دەزانین و حكومەت هەوڵەكانی بەرفراوان دەكات بۆ سەرخستنی داخوازییەكانی خۆپیشاندەران.
عادل عبدولمەهدی جەختیشی کردەوە: بەردەوامی خۆپیشاندانەكان دەبێت خزمەت بە گەڕانەوەی دۆخی ئاسایی بكات بۆ ئەوەی لەو دۆخەدا داخوازییە رەوانەكان بەدی بهێنرێن.
لە بەیاننامەکەدا هۆکاری بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە عێراق ئاشکراکردووە و دەڵێت" بۆ ئەوەی رێگری لە خراپ بەکارهێنانی ئینتەرنێت بکرێت بۆیە رایانگرتووە".
لەسەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی رابردووەوە، عێراق رووبەڕووی شەپۆلێكی بەرفراوانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بووەتەوە، شەپۆلی یەكەمی خۆپیشاندانەكان لە یەكی تشرینی یەكەمی رابردوودا دەستیپێكرد و ماوەی ھەفتەیەك بەردەوام بوو، شەپۆلی دووەمی خۆپیشاندانەكانیش لە ٢٥ی ھەمان مانگ دەستیانپێكردەوە و بە بەردەوامی رووبەڕووبوونەوە و پێكدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەكاندا روودەدات.