هەم شیرینی بخۆ و هەمیش خۆت لە شەکرە بپارێزە

نەخۆشی شەکرە یەکێکە لە نەخۆشییە بڵاو و درێژخایەنەکان، بەڵام رەنگە خۆپاراستن لێی هێندەش کارێکی دژوار نەبێت ئەگەر رەچاوی چەند رێنماییەک بکەین.


دروستکردنی خواردن لە ماڵەوە


یەکێک لە کاریگەرترین رێگاکانی کۆنترۆڵکردنی رێژەی شەکر لە خواردنەکانت ئەوەیە کە خۆت لە ماڵەوە خواردن دروستبکەیت لە جێی پەنا بردنە بەر خۆراکی ئامادەکراو و رێستۆرانتەکان.


رەنگە بۆ هەندێک جێگای سەرسوڕمان بێت بەوەی بزانێت لە ناو خواردنە بەستوو و ئامادەکراوەکاندا هاوشێوەی شیرنەمەنییەکانی وەک کێک و پا‌قلاوە برێکی زۆر لە شەکر هەیە. مەترسی ئەو جۆرە شەکرەش لەناو ئەو خۆراکانە ئەوەیە کە ناتوانیت هەست بە رێژەکەی بکەیت و وەک ماددەیەکی شاراوە لە خواردنەکاندا بوونیان هەیە. بۆ ئەوەی دڵنیابیت لەوەی رۆژانە چەندە شەکر دەخۆیت، لە ماڵەوە خۆت خواردنەکانت ئامادەبکە.


بەکارهێنانی شەکری سروشتی


رەنگە دوورکەوتنەوە لە شەکر، شیرینی و چێژی زۆر خواردن نەهێڵێت، بەڵام سەرچاوەی شیرینی تەندروستیش هەیە. بۆ نموونە حەز بە خواردنی کێک دەکەیت بەڵام بەهۆی زۆری رێژەی شەکر ناتوانی بیخۆیت، لەم حاڵەتەدا دەتوانی، میوە و سەوزەی شیرین بەکاربهێنیت لە دروستکردنی کێکەکەدا لە جیاتی شەکر، کەرەی کولەکەی زەردیش یەکێکە لە بژاردە زۆر باشەکان.


خواردنی پڕۆتین و چەوری


لە ژەمە خۆراکەکاندا، رێژەیەکی زۆر پرۆتین چەوری تەندروست بخۆ چونکە ئەو دوو ماددە خۆراکییە بۆ ماوەیەکی زۆر لە برسێتی دوورت دەخەنەوە بەوەی کاتێکی زیاتریان دەوێت بۆ هەرس کردن. کاتێک مرۆڤ هەست بە برسێتی دەکات، زیاتر ئارەزووی خواردنی شەکر و شیرنەمەنییەکان دەکات، ئەمەش وای لێدەکات شیرینی و شەکری زیاتر بخوات. بۆ نموونە بەیانییان دەتوانی هێلکە و قارچک بخۆیت کە هەردووکیان دەوڵەمەندن بە چەوری و پڕۆتین و ئارەزووی خواردنی شیرینی کەمدەکەنەوە.

PM:05:36:09/11/2019