ڕۆحانی: ئێران بە دۆخێکی ئابووری ناسرووشتی تێدەپەڕێت

کەمێک پێش ئێستا حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند" ئێران بە دۆخێکی ئابووری ناسرووشتی تێدەپەڕێت، ئێرانییەکان ساڵ و شەش مانگی زۆر قورسیان بەڕێکرد و ئێرانییەکان خۆڕاگرن لە بەرامبەر گەمارۆکان".

 

ڕۆحانی لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکرد" لە شاری بوستان لە هەرێمی خوزستان لە باشوری وڵات کێڵگەیەکی نەوتیان دۆزیوەتەوە، کە روبەرەکەی دوو هەزار و 400 مەتر چوارگۆشە دەبێت و قوڵییەکەی زیاتر لە 80 مەترە، زیاتر لە سێ ملیار بەرمیل نەوتی یەدەک بۆ ئێران دابیندەکات".

 

سەرۆک کۆماری ئێران جەختیشیکردەوە: دۆزینەوەی ئەو کێڵگە نەوتیە، وەک دیاری وایە بۆ وەزارەتی نەوت و کۆمپانیا نەوتیەکانی ئێران و گەلی ئێرانیش.

 

حەسەن ڕۆحانی کە پێش لە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ناوی حەسەن فەرەیدوون بووە، لە ١٢ی نۆڤەمبەری ١٩٤٨لە شاری سۆرخەی پارێزگای سمنان لە دایک بووە.

 

ڕۆحانی سیاسەتوان، زانای ئایینی، یاساناس و سەرۆک کۆماری ئێرانە، پێشتریش ٥ جار ئەندام پەرلەمانی ئێران بووە و لە خولی چوارەم و پێنجەمیش جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بووە، و گەشتۆتە پلەی موجتەھید لەنێو شیعەدا.

 

لەگەڵ خوێندنی ئایینی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی یاسای لە زانکۆی تاران بەدەست‌ھێناوە، دواتر لە بەریتانیا دکتۆرای لە یاسادا بەدەست‌ھێناوە وە لەڕووی زمانەوانییەوە جگە لە فارسی ھەریەکە لە عەرەبی، ئینگلیزی، فەڕەنسی، ڕووسی و ئەڵمانی دەزانێت.

 

 

 




AM:10:31:10/11/2019