فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی یاداشتێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن "داوا لە هەموو دڵسۆزانی دادپەروەری و سەروەری یاسا دەکەین کە پاڵپشتی خۆیان بۆ بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی داواکاری گشتی و دادوەرانی مانگرتووی گەرمیان رابگەيهنن".
دەقی یاداشتەکە:
یاداشتنامەی فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی
دەسەڵاتی دادوەری
وەک بەشێک لە گرفت و گهندهڵى نهك چارهسهرى و چاكسازى
دوای دەرچونی یاسای دەسەڵاتی دادوەری ژمارە (٢٣) ی ساڵی (٢٠٠٧) و دامەزراندنی یەکێتی دادوەران، لەلایەن دڵسۆزانی دەسەڵاتی دادوەری و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیيهوه هەوڵێکی زۆردرا بۆ به سەربەخۆییكردنى ئهم دەسەڵاته گرنگ و ههستياره، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە لە چەند ساڵی رابوردودا سهرانى دەسەڵاتی دادوەری لەبری ئەوەی هەوڵبدەن روبهرى سەربەخۆيى خۆيان فراوانتر بكهن، به پێچهوانهوه زیاتر و زیاتر خۆیان خزاندۆتە ژێرباڵ و سایەی دەسەڵاتی حیزبەوە و خۆیان بونەتە بەشێکی گەورەی گرفت و قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان و تهنانهت بوونەتە رێگرییەکی گەورەش لەبەردەم دادوەرە دڵسۆزەکان بۆ جێبەجێکردنی دادپەروەری.
لەدوا پێشهاتیشدا لەبەرامبەر خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەلایەن سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی گەرمیانهوه، کۆی ئەندامانی داواکاری گشتی لە گەرمیان و ژمارەیەک لە دادوەران بڕیاریاندا مانبگرن، کە ئەمە بۆخۆی روداوێكى گرنگ و بێ پێشینەیە و داواکارین لە دادوەران و ئەندامانی داواکاری گشتی شارو شارۆچكەکانی تری هەرێمی کوردستانیش لەبەرامبەر خراپی دۆخی دەسەڵاتی دادوەری بێنەدەنگ و هەنگاوی گرنگ و جدی بنێن بۆ گەڕانەوەی شکۆ بۆ دەسەڵاتی دادوەری .
ئەوەی کە مایەی نیگەرانی و ناڕەزایی ئێمەیە وەک رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، شێوازی مامەڵەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی دادوەری و سەرۆکایەتی داواکاری گشتییە، کە لەبری وەڵامدانەوەی داواکاری دادوەر و ئەندامانی داواکاری گشتی ئیدارەی گەرمیان تۆمەتیان بۆهەڵدەبەستن و هەڕەشەی سزادانیان لێدەکەن، زیاتر لەوەش سەرۆکایەتی ئەنجومەنی دادوەری داوای لەدادوەران و ئەندامانی داواکاری گستی گەرمیان کردووە کە بۆ چارەسەری گرفتەکانیان سەردانی بەرپرسانی زۆنی سەوز بکەن!، کە ئەمە ئەوپەڕی شکاندنی شکۆی دەسەڵاتی دادوەری و رێخۆشکردنی بێ پەردەیە بۆ دەستتێوەردان لە کاروبارەکانی دادگا و دەسەڵاتی دادوەریی و زەنگێکی مەترسیدارە بۆ تەواوی هاوڵاتیان کە شتێک بەناوی دەسەڵاتی دادوەری بوونی نەماوە و تەنیا بۆتە جێبەجێکاری رۆتینی کاروباری دادگاکان و تەواوی دەسەڵاتەکان لای بەرپرسانی حیزبییە و دەبێ دەسەڵاتی دادوەری بۆ دانانی دادوەران و بەڕێوەچونی کارەکانیان ببنە پاشکۆی بەرپرسە حیزبییەکان.
لێرەوە داوا لە هەموو دڵسۆزانی دادپەروەری و سەروەری یاسا دەکەین کە پاڵپشتی خۆیان بۆ بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی داواکاری گشتی و دادوەرانی مانگرتووی گەرمیان رابگەيهنن و هەموومان ببینە پاڵپشت بۆیان بۆئەوەی چیدی لەوە زیاتر سوکایەتی بە دادگا و دەسەڵاتی دادوەریی و داواکاری گشتی ئەنجام نەدرێت و نەهێڵرێت جارێکی تر، چ لە ناوخۆی دەسەڵاتی دادوەریی و چ لەلایەن بەرپرسانی حیزبیی و حکومییەوە، جورئەتی دەستخستنە ناوکاروباری دادگا و داواکاری گشتی نەکرێت و دەسەڵاتی دادوەری نەکرێتە سەکۆیەک بۆ بهرگريكردن له گهندهڵى و بەدیهێنانی خەونە ناڕەواکانی دەسەڵاتداران.
فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی
10/11/2019