حاکم شێخ لەتیف: پێویستە کورد پشتگیری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بکات



ئەندامی پێشوتری پەرلەمانی عێراق، حاکم شێخ لەتیف رایدەگەیەنێت" پێویستە کورد پشتگیری لە داواکەی کۆشکی سپی ئەمریکا بکات، بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وڵاتدا".

 
حاکم شێخ لەتیف لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە بارەی داواکەی کۆشکی سپی لەسەر هەڵبژادنەوەی پێش وەخت، نووسیوویەتی "ھەڵبژاردنی پێش وەخت بێ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان نابێت، پەرلەمانیش دەبێت خۆی دەنگ لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی خۆی بدات بەزۆرینەی ڕەھای دەنگی ئەندامەکانی واتا دەنگی  166 پەرلەمانتار".
 

ئەو لەو نووسینەدا دەڵێت " بێ دودڵی" پشتگیری لەو ھەنگاوە بکات کە کۆشکی سپی داوای کردوە لەبەر سێ هۆکار، یەکەم، "ئەو بابەتە داواکاری ڕەوای خۆپیشاندەرانە و دەرکەوت بەھیچ بەڵێنێکی دیکە متمانەیان نییە و ناچنەوە ماڵەکانیان".




حاکم شێخ لەتیف باسی لەوەشکردوە، ئەو هەنگاوە "ڕێگری لەو لایەنانانە دەکات کە دەیانەوێت لەژێر پەردەی دیموکرسی و داواکاری خۆپیشاندەران عێراق بەرەو دیکتاتۆریەت بەرن لە ڕێگای  گۆڕینی دەستور و گۆڕینی سیستەم بۆ سەرۆکایەتی".




ئەو پێیوایە "ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەبێتە ھۆی ھەڵوەشاندنەوەی لیژنە پەرلەمانیەکەی کە بۆگۆڕینی دەستور پێکھێنراوە و مەترسیە بۆسەر دیموکراتی و فیدراڵی لامەرکەزی و پێگەو دەسەڵاتی ھەرێمیش".


حاکم شیخ لەتیف دەشڵیت، "پێویستە لەسەر ئەنجومەنی وەزیران بەڕەزامەندی سەرۆکی کۆماری عێراق داوایەک پێشکەش بکەن بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان پاڵپشت بەحوکمی مادەی 64 لەدەستور لەپەرلەمانیش کاری بۆ بکات بۆ ئەوەی ڕێژەی پێویست مسۆگەر بکات".

 


AM:09:45:11/11/2019