ڕاگەیەندراوێک لە سەندیکای مامۆستایانی عیراق

ئەمڕۆ سێ شەممە ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ سەندیکای مامۆستایانی عێراق بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە" پێویستە سبەی چوار شەممە ١٣ی تشرینی دووەم خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عیراق بەڕێوەبچێت و سەرجەم مامۆستایانی قوتابخانەکان و زانکۆکان و راوێژکارانی پەروەردەیی و پسپۆڕان بەشداری تێدا بکەن".

 

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد" سەرجەم ئەندامانی سەندیکاکەمان لە لقە جیاوازەکانی سەندیکاوە لە شارەکانی عیراق لە کاتژمێر ١٠ وە بەرەو مەیدانەکانی خۆپیشاندان دەڕۆن، ئەو دروشمانە بەرزدەکەینەوە کە داوای خۆپیشاندەرانی عیراق لەخۆدەگرێت".

 

لە مانگی ڕابردوودا وەک پشتیوانییەک لە خۆپیشاندەران یەکێتی مامۆستایانی عێراق بۆ ماوەی حەوت رۆژ مانگرتنی لە وانە وتنەوە راگەیاندبوو.

 

لەسەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی رابردووەوە، عێراق رووبەڕووی شەپۆلێكی بەرفراوانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بووەتەوە، شەپۆلی یەكەمی خۆپیشاندانەكان لە یەكی تشرینی یەكەمی رابردوودا دەستیپێكرد و ماوەی ھەفتەیەك بەردەوام بوو، شەپۆلی دووەمی خۆپیشاندانەكانیش لە ٢٥ی ھەمان مانگ دەستیانپێكردەوە و بە بەردەوامی رووبەڕووبوونەوە و پێكدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەكاندا روودەدات.

 

 



AM:11:54:12/11/2019