نەجمەدین کەریم بە لیستێکی جیا بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکوک دەکات

بەرپرسی نووسینگەی میدیای نەجمەدین کەریم کۆنە پارێزگای کەرکوک، کە ئێستا لە هەولێر دەژی، رایگەیاند" د، نەجمەدین کەریم بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە پارێزگای کەرکوک بەلیستێک دەکات".

 
نشوان جەلال، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی نەجمەدین کەریم بە ماڵپەڕی " کەرکوک ناو"ی راگەیاندووە" د. نەجمەدین کەریم لە کۆتایی ئەم مانگەدا بەفەرمی لیستێکی لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق تۆمارکردووە، بەبێ هەبوونی هیچ رێگریەکی یاسایی".


بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندنی ناوبراو، وتیشی" لە کۆتاییدا د. نجمەدین بڕیاری دا بەشداری هەڵبژاردن بکات و هەر خۆشی سەرۆکایەتی لیستەکەی بکات و لە نێو لیستەکەیدا کەسایەتی کورد و عەرەب و تورکمانی گرتۆتە خۆی".

 
 ئەوە لە کاتێکدایە کە زۆربەی لایەنە کوردیەکان خاوەنی لیستێکی هاوبەشی کوردستانیان هەیە، بە پارتی و یەکێتی یەشەوە.

 
پەرلەمانی عێراق لە کۆتایی ٢٠١٧ دا بە تۆمەتی گەندەڵی د. نەجمەدین کەریم ی لەسەر کاری پارێزگاری کەرکوک لابرد، ئەو رەتی کردەوە دەستبەرداری پۆستەکەی بێت، بەڵام ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ لەگەڵ داگیرکردنی شارەکە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە، ناوبراو هەڵهات بۆ هەولێر، سەرۆکی وەزیرانی ئەو دەمە حەیدەر عەبادی راکان جەبوری بەوەکالەت کرد بە پارێزگار.




PM:08:20:12/11/2019