پرۆژه یاسای دامه‌زراندنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست کێشەی تێدەکەوێت
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به نوسراوێك داوای له په‌رله‌مانی كوردستان كردووه پرۆژه‌ی یاسایی دامه‌زراندنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ستی بۆ بگه‌ڕێنرێته‌وه.
عه‌بدولستار مه‌جید، سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ له په‌رله‌مانی كوردستان به میدیای حزبەکەی راگه‌یاند ئه‌مرۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به نوسراوێك داوای له په‌ڕله‌مانی كوردستان كرد پرۆژه یاسای دامه‌زراندنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ستی بۆ بگه‌رێنرێته‌وه.
سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ ووتی، رۆژی 30ـی تشرینی یه‌كه‌می 2019 به نوسراو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستانی دایه‌وه كه دامه‌زراندنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست هیچ بارگرانییه‌ك له‌سه‌ر حكومه‌ت دروستناكات.
رونیشیكرده‌وه، پاش ئه‌و نوسراوه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له رۆژی 11ـی تشرینی دووه‌می 2019 سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان بڕیاریدا بیخاته به‌رنامه‌ی كاره‌وه‌و له رۆژێك پاش ئه‌وه واتا له رۆژی 12ـی تشرینی دووه‌می 2019 حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نوسراوێكی تری نارده په‌رله‌مانی كوردستان‌و داوای كردووه رابگیردرێتو بگه‌رێنرێته‌وه بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ ووتیی، نوسراوه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه داواده‌كات پرۆژه یاسای دامه‌زراندنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ستی بۆ بگه‌رێنرێته‌وه "نایاساییه" چونكه پرۆژه یاساكه له په‌رڵه‌مانی كوردستانه‌و پێویست بوو خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت.
عه‌بدولستار مه‌جید ووتیشی، ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ له په‌رله‌مانی كوردستان كرا، نایاسایی بوو، ته‌نانه‌ت سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، رێگای نه‌دا ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان (نوقته نیزامی) بگرن، له‌كاتێكدا به‌پێی یاسا په‌رله‌مانتار بۆی هه‌یه (نوقته نیزامی) بگرێت له بابه‌تێك كه له به‌رنامه‌ی كاردایه.
سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ هۆشداریدا له‌وه‌ی كه مۆزایهدهی سیاسی تێكه‌ڵی ئه‌م بابه‌ته بكرێت‌و هیوای خواست پرۆژه یاساكه له په‌رله‌مانی كوردستان خوێندنه‌وه‌ی خۆی بۆ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی مافی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست نه‌فه‌وتێت چونكه به‌پێی یاسا فه‌رمانبه‌ری گرێبه‌ست 5 ساڵ خزمه‌تی هه‌بوو ده‌بێت دابمه‌زرێت به‌ڵام فه‌رمانبه‌ر هه‌یه 10 ساڵه به گرێبه‌ست ده‌وام ده‌كات كه‌چی دانه‌مه‌زراوه.
له‌باره‌ی كارمه‌ندانی خۆبه‌خش ـه‌وه سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ رایگه‌یاند، پرۆژه یاساكه ته‌نها بۆ فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست ـه، به‌ڵام كه هاته په‌رله‌مانی كوردستان وه خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كرا، ئه‌وا له خوێندنه‌وه‌ی دووه‌مدا ئه‌و وورده‌كاریانه باسی لێوه‌ده‌كرێت، ووتیشی، له خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می پرۆژه یاساكه‌دا باس له كارمه‌ندانی خۆبه‌خش ده‌كه‌ین‌و داوا ده‌كه‌ین كه مافی ئه‌وانیش بدرێت.
PM:04:13:13/11/2019