ئۆردوغان، مەزڵوم کوبانێی بە کوڕی مەعنەوەی ئۆچ ئالان ناوزەد کرد

لە کۆنگرەی رۆژنامەگەری نێوان سەرۆکی ئەمەریکاو سەرۆکی تورکیا، ئۆردوغان هێرشی کردە سەر فەرماندەی هەسەدە، مەزڵوم کوبانێ و بە " تیرۆریست " و کوڕی مەعنەوەی عەبدوڵا ئۆچ ئالانی، سەرکردەی دەستگیرکراوی پەکەکە ناوزەدەی کرد.

 
لەو کۆنگرە رۆژنامەگەریەدا کە دوای کۆبوونەوەیەک کاتژمێر  و چارەکی نێوان ئۆردوغان و ترامپ لە کۆشکی سپی سازکرا، چەند جارێکی ئۆردوغان جەختی لەسەر هەسەدەو یەپەگەو پەکەکە کردەوەو  بە" تیرۆریست" ناوزەدی کردن، ترامپ کە بەشێوەیەکی گشتی لاواز لەبەردەم ئۆردوغاندا دەرکەوت، هەر هێندە وتی" ئێمە لەگەڵ مەزڵوم و ئێوەش کاردەکەین".

 
ئۆردوغان لەسەر بڕیاری کۆنگرسی ئەمەریکا کە کووشتنی ئەرمەنیەکانی مەحکوم کرد، هاتە دەنگ و رەخنەی لەو بڕیارە گرت و وتی " نابێت سیاسیەکان لەو پرسەدا حوکم بدەن، بەڵکو توێژەرانی مێژوو دەبێت حوکم لەسەر ئەو پرسە بدەن، هەرچی بەڵگەمان هەیە لەو بوارەدا دەیخەینە بەردەم ئەمەریکا و ئەو لیژنەیەی لە نێوان هەردوولادا بۆ ئەو پرسە پێکهێنراوە".

 
سەرۆکی تورکیا جگە لەو ‌هێرشە توندانەی کردیە سەر یەپەگە، هاوکات داوای رادەستکردنەوەی کەسایەتی ئاینی تورکیا فەتحوڵا گوڵەنی کرد.

 
هەروەها باسی ئاوارەکان و چۆنێتی نیشتجێکردنی کردنیان لە سوریاو، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەوان بڕی ٤٠ ملیار دۆلاریان لەو ٣ملیۆن ٦٠٠ هەزار ئاوارەی سووریادا خەرجکردووەو، ئەوروپا تەنها ٣ ملیار پارەی داوە بۆ خەرجی ئاوارەکان.

 
ترامپ کە سەرەتا قسەی کرد باسی بازرگانی نێوان تورکیاو ئەمەریکای کردو ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە ئاستی بازرگانی پێشدەخەن بۆ ١٠٠ ملیار دۆلار.

 
سەرۆکی ئەمەریکا نەیشاردەوە کە لەسەر کڕینی مووشەی ئێکس ٤٠٠ رووسی نەگەیشتوونەتە ئەنجام، بەڵام لیژنەیان بۆ پێکهێناوە.

 
هەروەها وەسفی تورکیای کرد کە لە کوشتنی ئەبوبەکری بەغدادی سەرکردەی داعش یارمەرتیان داون.

 
ترامپ وەسفی هێزی سەربازی تورکیای کردو بە دووەم هێزی ناتۆ ناوزەدی کرد.

 
لەو کۆنگرەیەدا ترامپ کەمترین قسەی لەسەر کورد کردو داکۆکی لێنەکردن، بەڵام بە پێچەوانەوە هەر سات ناساتێک ئۆردوغان جەختی لەسەر یەپەگە و پەکەکە بە " تیرۆریست " دەکردەوە.




AM:01:19:14/11/2019