هەسەدە: تورکیا لە تەلتەمەر بەردەوامە لەسەر هێرشکردن
هێزەکانی سوریای دیموکرات بەرخۆدانی 24 کاتژمێری ڕابردووی شەڕڤانانی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، لە عەین عیسا و تەلتەمەڕ و چەند گوندێکی دیکە ڕووبەڕووی چەندین هێرشی توندی میلیشیاکانی تورکیا بوونەتەوە و وەڵامی توندیان داونەتەوە، لەو هێرشانەشدا چوار هاووڵاتی سڤیل شەهید بوون.
لە ڕاگەیەندراوێکدا هەسەدە، ئاماژەی بەوە کردووە “لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا، میلیشیاکانی تورکیا چەندین هێرشی قورسیان لە ڕێگەی موشەک و چەکی قورسەوە ئەنجامداوە و گوندەکانی عەین عیسا و تەلتەمەر و چەند گوندێکی دیکەیان بۆردومان کردووە”.
هەسەدە، روونیکردۆتەوە، شەڕڤانەکانیان وەڵامی توندی ئەو هێرشانەی میلیشیاکانی تورکیایان داوەتەوە و ڕیگەیان نەداوە پێشڕەوی بکەن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی هەسەدە، بەهۆی بۆردومانەکانەوە لە تەلتەمەر چوار هاووڵاتی سڤیل شەهید بوون و 14ی دیکەش برینداربوون.
هاوکات ئاماژە بەوەشکراوە، تورکیا ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتنی بە ئامانج گرتووە کە ویستویەتی بریندارەکان ڕزگار بکات، بەڵام ئۆتۆمبێلەکە سوتاوە و شۆفێرەکەشی شەهید بووە.
PM:11:20:14/11/2019