مەرجەعیەت داوای گۆڕانكاری لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەکات

نوێنەری عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعەكانی عێراق دواین پەیامی سیستانی لەسەر خۆپیشاندانەكانی عێراق بڵاوکردەوە و  داوایکرد گۆڕانكاری لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بكرێت.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە وتاری هەینیدا ئەحمەد ئەلسافی، نوێنەری مەرجەعیەتی گشتی شیعەكان لە عێراق رایگەیاند،"مەرجەعیەت سەركۆنەی هەر دەستدرێژییەك دەكات كە بكرێتە سەر خۆپیشاندەران، داواش لە خۆپیشاندەران دەکات موڵک و ماڵی دەوڵەت بپارێزن"

ئەحمەد ئەلسافی وتیشی،"داواکاری خۆپیشاندەران جێبەجێ نەکراوە و پێویستە گۆڕانكاری لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بكرێت".

 

سافی ئاماژەی بەوەشكرد "ئاڵۆزیەكانی وڵات بەهۆی رێككەوتنە سیاسیەكان لەسەر بنەمای دابەشكردنی دەسەڵات و خێر و بێری وڵات لە زیادبوندایە و هۆشداری دەدەین لە بونی وڵات بە مەیدانی ململانێ لە ئەنجامی دەستوەردانە دەرەكیەكان".

سەبارەت بە خۆپیشاندانەكانیش مەرجەعیەتی سیستانی وتی "هەوڵ و جەنگی چاكسازی كە لە ئێستادا گەلی عێراق ئەنجامیدەدات، تێكۆشانێكی نیشتیمانیە و رێگە بە هیچ لایەنێكی دەرەكی نادرێت دەستێوەردان لەناوخۆی عێراق ئەنجامبدات".

وتیشی "پەلەكردن لە بریاردان لەسەر یاسایەكی دادپەرورانە بۆ ئەنجامدانی هەلبژاردن، متمانەی هاونیشتیمانیان سەرلەنوێ دروستدەكاتەوە بە پرسی سیاسی".



ئه‌م بابه‌ته ‌380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:01:10:15/11/2019