وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ عیراق رونكردنەوەیەكی بڵاوکردەوە

وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ عیراق رونكردنەوەیەكی لەسەر لێدوانەكەی دوێنێی وەزیری بەرگری بڵاوكردەوە و رایگه‌یاند،"لایەنی سێهەم خۆپیشاندەرانی عێراق دەكوژێت".

نەجاح ئەلشمری، وەزیری بەرگری عێراق رایگەیاند، "لایەنی سێهەم خۆپیشاندەرانی عێراق دەكوژێت و سوپای عێراق ئەركی پاراستنی خۆپیشاندەرانی داوەتە پۆلیسی ناوەندی و بكوژی هەریەك لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەكان لایەنی سێهەمە".

ئەلشمری وتیشی، ئەو چەكەی هێزە ئەمنیەكانی عێراق بەكاریدەهێنن لە مەودای نێوان 75 بۆ 100 مەتر دەتوانێت كەسی بەرامبەر بپێكێت، بەڵام هەندێك لە خۆپیشاندەران بە گوللـەیەك كوژراون كە لە دوری 300 مەترەوە ئاراستەیانكراوە، هاوكات پاش گەیاندنیان و پشكنینیان لە پزیشكی دادوەری دەركەوتوە، هیچ كام لەو چەكانە حكومەتی عێراقی هاوردەی نەكردون.

له‌ رونكردنه‌وه‌یەكیشدا عه‌مید یه‌حیا ره‌سوڵ‌، وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ عیراق رایگەیاند "مه‌به‌ستی‌ وه‌زیر له‌لایه‌نی‌ سێیه‌م كه‌ خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ ئامانج ده‌گرێت و ده‌یانكوژێت، ئه‌و باندانه‌ن كه‌ چه‌ك و بۆمبی‌ دوكه‌ڵی‌ بكوژ دژی‌ رۆڵه‌كانی‌ گه‌له‌كه‌مان و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌كارده‌هێنن. ده‌زگا ئه‌منییه‌كان بێبه‌رین له‌ به‌كارهێنانی‌ بۆمبی‌ دوكه‌ڵی‌ بكوژ و به‌هیچ جۆرێك ئه‌و بۆمبه‌ به‌كارناهێنن".

PM:02:30:15/11/2019