ئەمڕۆ جارێکی تر بەندەری ئوم قەسر داخرا

بەهۆی ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەی کە پارێزگاکەى گرتووەتەوە، دەسەڵاتدارانی عێراق جارێکی تر بەندەری ئوم قەسریان لە پارێزگای بەسڕە باشووری عێراق داخست.

 

بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکان، ئەمڕۆ هەینی ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ جارێکی تر بەندەری ئوم قەسر کە دەکەوێتە پارێزگای بەسڕەو تاقە دەروازەی عێراقە بەڕووی هاتن و چوونی کەشتییە بارهەڵگرەکان تاکو کاتێکی نادیار داخرا، کە چەند جارێک هێزە ئەمنییەکانی ئەو ناوچەیە توانیان کۆنتڕۆڵی بکەن و وە چەند جارێکێش خۆپیشاندەران توانیآن کۆنتڕۆڵی بکەن و ڕێگە لە هاتووچۆی کەل و پەل بگرن.

 

ئەمەش لە کاتێکدایە ڕۆژی سێ شەممە ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ میدیا عێراقیەکان بڵاویانکردەوە، بەندەری ئوم قەسر کە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە دەستیبەسەردا گیرابوو، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی عێراقەوە و بەبەکارهێنانی هێزی سەربازی  و بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران کرایەوە.

 

هاوکات ڕۆژی ٣ی تشرینی دووەم خۆیشاندەران چوونە سەر قونسڵی ئێران لە شاری شیعە نشینی کەربەلاو ئۆفیسەکەیان سووتاند، لافیتەیەکی لەسەر دانر و نوسرا بوو " داخرا بە فەرمانی گەل "، ئەمەش وەک ناڕەزایی بەرامبەر دەستێوەردانەکانی ئێران لە عێراقدا.

 

سەرەتای‌ ئەم مانگە خۆپیشاندانی‌ جەماوەری‌ بەرفراوان لە ژمارەیەك شاری‌ عیراق دەستی‌ پێكرد و خۆپیشاندەران داوای‌ ئەنجامدانی‌ چاكسازی‌ و رووبەڕووبوونەوەی‌ گەندەڵی‌ و دابینكردنی‌ خزمەتگوزاری‌ و هەلی‌ كاریان دەكرد و دواتر داواكارییەكەیان گۆڕا بۆ گۆڕینی‌ حکومەتی عیراق.


 

 

 


PM:08:36:15/11/2019