ئەمڕۆ هەینی ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە تارانی پایتەختی ئێران و ژمارەیەك شاری دیكەی ئەو وڵاتە دەستیپێكرد.
بەگوێرەی سەرچاوە هەوڵاییەکانی ناوچەکە، ئەمشەو لە تاران، شیراز، ئەسفەهان و تەبرێز خۆپیشاندانی ناڕەزایی دژی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین دەستیپێكرد، هاوکات لە ناوچەی ئەهوازیش خۆپیشاندەران رێگەی دوو شاریان گرتووە.
خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی شارەکانی ئێران لە کاتێکدایە، بە بڕیارێکی کۆمپانیای نیشتمانی دابەشکردنی سوتەمەنی ئێران، ئەمڕۆ نرخی بەنزین دوو هێندە لە نرخی جارانی گرانترکرا و سەرەی بەنزینیش دەستیپێکرد.
بەپێی نرخەکانی کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران، لەمەوبەدوا بەنزینی حکومی بەشێوەی سنووردار و بەکارت ١٥٠٠ تمەن دەبێت بەشێوەیەک کە مانگانە تەنیا ٦٠ لیتر بەو خاوەن ئۆتۆمبێلانە دەدرێت کە کارتی بەنزینیان هەیە.
هاوڵاتیانی ئێران گلەی دەکەن بەوەی پێشتر هیچ جۆرە ڕێنماییەک نەدراوەتە ئەوان و بەیانی ڕۆژی هەینی واتە ئەمڕۆ هەستاون دەبینن نرخی بەنزین سێ هێندە زیادی کردووە.